شاندێک بۆ رادەستکردنەوەی " هەڵەی" ٩٠٥ ملیارەکە دەچێتە بەغدا

وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی و بە نووسراو داوای ڕادەستکردنی ئەو ٩٠٥ ملیار دینارەی کرد کە داهاتیی دوو مانگی پیشووە، و هەرێمیش دەڵێت هەڵە لە ژمارەکەماندا هەیە.

وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێک لە ٨ی نیساندا  داوای ڕادەستکردنی داهاتی دوومانگی هەرێم دەکات، کە بەپێی ئەوەی حکومەتی هەرێم لە نووسراوی ژمارە (٣٠٧٥) لە رۆژی ٢٨-٣-٢٠٢٤ ئاماژەی پێداوە زیاتر لە ٩٠٥ ملیار دینارە،و بخرێتە سەر هەژماری بانکیی تایبەت بەو داهاتە لە بانکی ناوەندی،

بەپێی هەواڵێکی میدیای پارتی،  حکومەتی هەرێم بەهەڵە ئەو بڕە پارەیەی وەک داهاتی دوو مانگی خۆی نووسیوە و بە " هەڵە" پارەی سپاردەی بانکەکان، قەرزی کارەبا، هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵی هەژمارکراوە و بە جیاکردنەوەی ئەو پارانە، داهاتی ئەو دوو مانگە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دینارە.

هەر بەپێی ئەو هەواڵە، بڕیارە شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، ئامانجی سەرەکی رێککەوتنە لەسەر داهاتی  فیدراڵی کە چی دەگرێتەوە و دەبێت چی رادەست بکرێت.

هاوکات سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" یەکێک لەئامانجەکانی سەردانەکە راستکردنەوەی ئەو کێشەیەیە کە لە داهاتی ئەو دوو مانگەکەدا هەیە".

لە کۆبوونەوەی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجووومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپارد بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

یاسای بودجەی گشتیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە، بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی ئەوەی ئەو داهاتە چی دەگرێتەوە.


PM:12:26:26/04/2024