پارتی 5 هەزار یەكێتی 3 هەزار
"لەپێشمەرگەی كوردستان لەجەلەولا ئابوونە وەردەگیرێت"

بەوتەی سەرچاوەیەك لە لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جەلەولا ئابونە وەردەگێرێت‌و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئەمە بە نایاسایی ناولێدەبات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سپی میدیای راگەیاند: لەپێشمەرگەكانی لیوای 3ی پیادە لە ناوچەی جەلەولا ئابونە وەردەگیرێت‌و لەپێشمەرگەی پارتی 5 هەزار‌و لە پێشمەرگەی یەكێتییش 3 هەزار دینار وەردەگیرێت.

لەمبارەیەوە ئاری هەرسین، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە سپی میدیای راگەیاند: من ئاگاداری شتی وانیم‌و ئەگەر شتی وا هەبێت ئەمە پێشیلكاریی رێنماییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و فەرمانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

هەرسین وتی: "بەپێی فەرمانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئابونە شتێكی خۆبەخشانەیە‌و هەر پێشمەرگەیەك كاتێك گەڕایەوە بۆ ناو لق‌و رێكخراوەكانی خۆی دەتوانێت بە خۆبەخشانە ئەو ئابونەیە بدات‌و كەس ناتوانێت لە بەرەكانی شەڕ ئابونە لە موچەی پێشمەرگە وەربگرێت، ئەگەر شتی وا كرابێت ئەوا پێشێلكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە‌و فەرمانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانە".



PM:02:44:04/12/2014