پارتی: پێدانی پۆستی سەرۆكی زانكۆی كەركوك بە تورکمان رەتدەکاتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان دەڵێت، پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک مافێکی نەتەوەیی کوردە و لە کوردیش پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە پێدانی ئەو پۆستە بە کەسێکی تورکمانی شیعەمەزه‌ب رەت دەکەینەوە و پێی رازی نابین.

وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان(عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەری فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند: "وەزیری خوێندنی باڵای عێراق (حوسێن شەھرستان) کەسێکی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بە وەکالەت بە ناوی(عەباس تەقی) کە تورکمانی شیعەمەزەبی سەر بە رەوتی سەدرە، دیاره كه لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە (رۆژ نووری شاویس) و دوو وەزیری دیکەی کورد ئامادەی نەبوون، بە زۆرینەی دەنگ ئەو کەسە کراوە بە سەرۆکی زانکۆ، لەکاتێکدا ئەو پۆستە مافی نەتەوەیی کوردە و لە کوردیش پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستانە.''
كەركوكی وتی، ئێمە کاندیدی خۆیشمان پێشکەش کردبوو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام ئەوان ئەو کەسەیان لە شوێنی کاندیدەکەی ئێمە داناوە.

وتیشی: ھەر ئەمڕۆ (شاخەوان عەبدوڵڵا) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وەکو نوێنەری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ساز کرد و تێیدا دانانی ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە رەت کردەوە و، ئێمەیش وەکو پارتی ئەوەمان رەت کردووهتەوە و پێی رازی نابین، چونکە ئەمە پێش ئەوەی پرسێکی حیزبی بێت، پرسێکی نەتەوەییە.



AM:12:24:24/04/2015