د. عەلی قەرەداغی بەرگریی لە موسڵمانانی چین دەكات

‌دكتۆر عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان رەخنە لە بڕیارێكی حكومەتی چین دەگرێت بەرامبەر بە موسڵمانانی ئەو وڵاتە كە دەبێت بەزۆر عەرەق‌و جگەرە بفرۆشن.

لە راگەیەنراوێكی د. عەلی قەرەداغیدا هاتووە:

دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ،رەخنە لەو كۆمەڵە بڕیارەی دەوڵەتی چین دەگرێت كە هەستاوە بە سەپاندنی بەسەر مسوڵمانانی چین لە هەرێمی (شینگ یانگ). كە بەپێی ئەو بڕیارانە دەبێت بەزۆر مسوڵمانان لەو هەرێمەدا عەرەق و جگەرە بفرۆشن و ئەمەش بە ئازادی خۆیان نیەو بەزۆرە، ئەم بڕیارەش پێچەوانەی عەقیدەو ئاین و شەریعەتی ئیسلامە، كە ئاینی زۆربەی دانیشتوانی هەرێمەكەیە، لەلایەكی تریشەوە ئەم شێوازە لە سەپاندنی بڕیار، پێچەوانەی بنەماكانی ئازادیە لە بواری بازرگانیدا.

دكتۆر قەرەداغی داوا لە حكومەتی چین دەكات كە پاشگەزبێتەوە لەئەم بڕیارانە كە بێرێزیە بەرامبەر بە ئاین و مەزهەبەكان و بیروڕای هاوڵاتیان، چونكە ئەم كارانە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و ناكۆكی لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە زیاد دەكات و خزمەت بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و ئاینە جیاوازەكان ناكات، چ لە ناوخۆی چیندا بێت یان لە دەرەوە.

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان داوای لە حكومەتی چین كرد كە مافی رەوای زیاتر بدات بە كەمینە مسوڵمانەكانی چین و داواشی لە مسوڵمانانی چین كرد، كە لە رێگەی یاسایی و بە ئاشتی بەردەوام بن لەسەر داوا رەواكانیان هەتا حكومەت مل بۆ داواكانیان كەچ بكات.




PM:02:49:11/05/2015