د. عەلی قەرەداغی: دەبێت كوردی باكور حەز نەكات ئەردۆغان شكست بهێنێت

‌د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، سەبارەت بە وتارێكی خۆی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە‌و دەنوسێت "دەبێت ئەم هەنگاوەی ئەم پارتە بەرز بنرخێنین و هەرگیز كورد لەباكور حەز نەكات ئەم پارتە شكست بهێنێت لە دەسەڵاتدا چونكە بەدیلی دادو گەشەپێدان گەڕانەوەی دەسەڵاتە عەسكەرتارەكانە كە لە مێژووی توركیادا هەڵوێستیان بەڕوونی دیارە كە چییان بەرامبەر گەلی كورد كردووە ".

د. عەلی قەرەداغی لە روونكردنەوەكەدا رایدەگەیەنێت "لەگەڵ رێزو سوپاسم بۆ هەموو ئەوانەی كەرەخنەیان بەشێوەی زانستی گرتوەو وەك دڵسۆزیەك بۆ كوردستان سەرنج و راكانیان نوسیوە، بەڵام منیش دەمەوێت ئەوەبڵێم كە زۆرینەی ئەو ووتارو ڕاوبۆچوون و كۆمێنتانەی كەلەسەر ووتارەكەی من نوسیویانە ووتارەكەی منیان نەخوێندۆتەوە، چونكە ئەگەر سەیری ووتارەكەم بكەن لە چەند تەوەرەیەك پێك دێت".

سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی لە چەند خاڵێكدا وەسفی پارتی داد‌و گەشەپێدان دەكات‌و دەنوسێت "ئێمە لەووتارەكەماندا باسی هیچ لایەنێكی سیاسیمان نەكردووە بۆ هەڵبژارنیش گەل ئازادە دەنگ بەكێ دەدات و هانی كەسمان نەداوە كەدەنگ بەلایەنێك بدات و لەلایەنێكی تر دوور بكەوێتەوەو ئێمە لەلای خۆمانەوە هەموو گەلانی كورد و تورك و عەرەبی و فارسی بەیەكچاو سەیر دەكەین و كەسیان رێزی لە ئەوی تریان زیاتر نیەو، دەبێت هەموو مافەكانیش بۆ هەموو لایەك بەیەكسانی بێت".


دەقی روونكردنەوەكە بخوێنەرەوە:

رونكردنەوەیەك لەسەر هەندێك تۆمەتی نارەوا

دكتۆر عەلی قەرەداغی: پشتیوانی كردن لە كێشەی رەوای گەلەكەمان ئەركێكی شەرعی و نیشتیمانیە

پاش بڵاوبوونەوەی ووتارێكمان لە سایتی (أخبار تركیا) بەناوی (لماژا هژه الحملە العالمیە علی تركیا الیوم؟)، لەلایەن چەند نوسەرێك و لەچەند ڕۆژنامەو سایتێكی دیاری كراوەوە، لێكدانەوەیەكی هەڵە بۆ ووتارەكەی من كراوەو بەم هۆیەشەوە هەندێ هێرشی ناڕەواو دور لە ڕاستی كراوە، گوایە من بۆیە ئەم ووتارەم لەم كاتەدا بڵاوكردۆتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی هاووڵاتیانی كوردستانی باكور ڕابكێشم كە دەنگ بەپارتی دادو گەشەپێدان بدەن و پشت لە هەدەپە بكەن ، لە دوای ئەمەشەوە ئیتر هەركەسە بەبۆچوونی خۆی راو بۆچوونی جۆراوجۆری دەربڕیوە .

من لەگەڵ رێزو سوپاسم بۆ هەموو ئەوانەی كەرەخنەیان بەشێوەی زانستی گرتوەو وەك دڵسۆزیەك بۆ كوردستان سەرنج و راكانیان نوسیوە، بەڵام منیش دەمەوێت ئەوەبڵێم كە زۆرینەی ئەو ووتارو ڕاوبۆچوون و كۆمێنتانەی كەلەسەر ووتارەكەی من نوسیویانە ووتارەكەی منیان نەخوێندۆتەوە، چونكە ئەگەر سەیری ووتارەكەم بكەن لە چەند تەوەرەیەك پێك دێت .

تەوەرەی یەكەم / بریتیە لەباسی ئەو دەستەكەوتانەی كە پارتی دادو گەشەپێدان بە دەستی هێناوە بۆ گەلانی توركیا، بەهەموو مەزهەب و نەتەوە جیاوازەكانەوە، كە كوردیش بەشێكە لەو نەتەوانەو سودی زۆریشیان لەو دەستكەوتانە بینیوە لەڕوی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەوەو ئەمەش واقیعێكی هەست پێكراوەو دۆست و دوژمن دەیبینێ و بەم هۆیەشەوە دادوگەشەپێدان ئەزمونێكی نوێ یە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕوی گەشەپێدانی دیموكراسی و ئازادی و پێكەوە ژیانی نەتەوەو مەزهەبە جیاوازەكان ، هەر ئەمەشە كەوای لە ئێمە كردووە دڵمان بە ئەو ئەزموونە خۆش بێت و دڵمان بەوە خۆش بێت كە زیاتر گەشە بكات و لەبەرامبەر ئەزموونەكانی تردا كە كودەتاو عەسكەرتاریەتی و نادیموكراسی بوونە زیاتر بچێتە پێشەوە، چونكە دڵنیام گەلی كوردیشمان لەباكور تەنها لە بارودۆخی گەشەپێدانی دیموكراسی و ئازادیدا دەچێتە پێش و بەمافە ڕەواكانی شاد دەبێت .

تەوەری دووەم / هەڵوێستی ئیجابی پارتی دادو گەشەپێدان لەئاست شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە میسر و لیبیاو تونس و یەمەن و پشتیوانی كردنی لە شۆڕشگێران و ئازادیخوازو دیموكراسی خوازەكان و وەستانەوە دژ بە كودەتاو عەسكەرتارو دەسەڵاتە ستەمكارەكان .

تەوەری سێیەم / دەست خۆشی كردنە لەو هەنگاوانەی كەپارتی دادوگەشەپێدان ناویەتی لەبواری بەرەو زیاتر چەسپاندنی دیموكراسی و مافی گەلان، لەوانەش پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزاڤی سیاسی كورد لە توركیادا، چونكە هیچ حكومەتێكی پێش دادو كەشەپێدان ئەم هەنگاوەی نەناوەو تەنها لە ڕێگەی عەسكەرو توندوتیژیەوە وەڵامی داواكاریەكانی گەلی كورد دراوەتەوە، لەم ڕوەوە دەبێت ئەم هەنگاوەی ئەم پارتە بەرز بنرخێنین و هەرگیز كورد لەباكور حەز نەكات ئەم پارتە شكست بهێنێت لە دەسەڵاتدا چونكە بەدیلی دادو گەشەپێدان گەڕانەوەی دەسەڵاتە عەسكەرتارەكانە كە لە مێژووی توركیادا هەڵوێستیان بەڕوونی دیارە كە چییان بەرامبەر گەلی كورد كردووە .

تەوەرەی چوارەم / بریتیە لەو هێرشە بەرفراوانەی كە لەئەمڕۆدا دژ بەتوركیا ئەنجام دەدرێت و سەرچاوەكەشی هەندێك دەزگاو میدیای ڕۆژئاواییە، كەلەم كاتەدا دژ بەپارتی دادو گەشەپێدان دەجوڵێنرێت بەتایبەتی لەمەسەلەی قڕكردنی ئەرمەكان لەساڵی 1915 دا، ئێمە لەم تەوەرەیەدا ووتومانە ئەم ڕووداوە لەسەردەمی حكومەتی پارتی دادوگەشەپێداندا ڕوی نەداوە، دووەمیش بۆ ئەوەی ڕاستی ڕووداوەكان وەك خۆی دەربكەوێت و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بكرێت، با لیژنەیەكی بێ لایەن نێودەوڵەتی دروست بكرێت و لەڕوی یاسیاییەوە دەری بخەن كە ئایا توركیا تاوانبارە یان بێ تاوان، وەئەگەر ئەوەی بەسەر دا چەسپا بادادگای دادی نێودەوڵەتی هەرشتێكی بەسەردا سەپاند جێبەجێ ی بكات، بەومەرجەی ڕێ بە بەتوركیاش بدرێت بەرگری یاسایی لەخۆی بكات .

لەلایەكی تریشەوە بەو سیفەتەی كە ئێمە ئێستا ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمانین و زیاتر لە 50000 زاناو ڕوناكبیری جۆراوجۆری مسوڵمان لەمەزهەبە جیاوازەكان لە جیهانی ئیسلامی و دەرەوەی جیهانی ئیسلامی ئەندامی ڕێكخراوەكەمانن، لەبەر ئەوە ئێمە لەئاستێكی جیهانیەوە سەیری كێشەكان دەكەین و لەهەوڵی گەشەپێدانی لێبوردەیی و هاوكاری و چەسپاندن زیاتر دیموكراسیداین و بەتایبەتیش لەنێوان گەلانی مسوڵماندا دەبێت زەمینەی زیاتری پێكەوە ژیان بڕەخسێنن و هەموان وەك برابژین و لەڕوی مافی هاوڵاتیبوونەوە یەكسان بن .

ئێمە لەووتارەكەماندا باسی هیچ لایەنێكی سیاسیمان نەكردووە بۆ هەڵبژارنیش گەل ئازادە دەنگ بەكێ دەدات و هانی كەسمان نەداوە كەدەنگ بەلایەنێك بدات و لەلایەنێكی تر دوور بكەوێتەوەو ئێمە لەلای خۆمانەوە هەموو گەلانی كورد و تورك و عەرەبی و فارسی بەیەكچاو سەیر دەكەین و كەسیان رێزی لە ئەوی تریان زیاتر نیەو، دەبێت هەموو مافەكانیش بۆ هەموو لایەك بەیەكسانی بێت، بۆ گەلی كوردیشمان لەباكور وەك گەلێكی مسوڵمان بەشایستەی هەموو ماف و ئازادیەكی دەزانین و ئەو مافانەش كە بۆ توركێك دەبێت دەستەبەر بكرێت لەهەمان كاتدا دەبێت بۆ كوردێكیش هەبێت و لەڕوی مرۆڤ بوون و مسوڵمان بونیشەوە هیچ جیاوازیەكیان نیە و ئەمەش هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمە یە چونكە خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت : (إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ)،لە لایەكی تریشەوە هەڵوێستی ئێمە رون بوە لە ئاست كێشەی رەوای گەلی كوردمان لە هەر چوار پارچەكەی كوردوستان و بە تایبەتیش لەو شەرەی كە ئێشتا دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ئارادایە ،لە لایەكی تریشەوە ،ئێمە لە هەر كۆنگرەیەكی ئیسلامی یان نێودەوڵەتی بەشداریمان كردبێت ،زۆر بە دڵسۆزانە پشتگیریمان لە مافی رەوای گەلە ستەم دیدەكان كردوە بەتایبەتیش گەلی كوردمان كە گەلێكی مسوڵمانەو پشتیوانی كردنی ئەركێكی شەرعی و نیشتمانیە.

دكتۆر عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان،

سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد

20-5-2015



PM:02:28:20/05/2015