بەبۆنەی پەرلەمانتارێكی یەكێتییەوە مالیكی بانگهێشتی لیژنەی لێكۆڵینەوە كەوتنی موسڵ ناكرێت

پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە ناوی عەبدولعەزیز حەسەنە ‌و بە كامەران باجەلان ناسراوە، لە لیژنەی بەرگری‌و ئاسایشی عێراق دەنگ نادات بۆ بانگهێشت كردنی مالیكی بۆ بەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمان سەبارەت بە پرسی كەوتنی شاری موسڵ، بەمەش مالیكی رزگاری دەبێت لەو لێكۆڵینەوەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە بەغداوە بەسپی میدیای راگەیاند: ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی بووەتە هۆی رزگاركردنی مالیكی لە بانگهێشتكردن‌و  لێكۆڵینەوە لە بەردەم لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كە سەبارەت بە پرسی كەوتنی شاری موسڵ پێكهێنرا.

سەرچاوەكەی سپی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەمان پەرلەمانتار دەنگیشی نەداوە بۆ ئەوەی كە گاردی نیشتمانی كە وا بڕیارە لە پەرلەمان یاساكەی پەسەندبكرێت، سەر بە پارێزگاكان بێت، بەڵكو ئەو پەرلەمانتارە دەنگی بەوەداوە كە سەر بە فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی عێراق بێت كە حەیدەر عەبادی دەگرێتەوە (ئەگەر سەر بە پارێزگارەكان بێت، ئەو هێزانە جۆرە سەربەخۆییەكیان دەبێت‌و بەقازانجی كورد‌و سوننەیە).

سەرچاوەكەی سپی میدیا بەدوری نەزانی كە ئەمە رێكەوتنێكی ژێر بەژێری یەكێتی‌و مالیكی بێت لەسەر زۆر پرسی هاوبەش، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی یەكێتی ئەمەی پشتڕاست نەكردوتەوە.

سپی میدیا چەند جارێك پەیوەندی كرد بە تەلەفۆنی پەرلەمانتاری ناوبراوەوە بەڵام وەڵامی نەبوو.



PM:05:03:27/05/2015