سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم راگه‌یاندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ باره‌ی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە كەوتنی شاری موسڵ لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ بارزانی‌ كراوه‌ راگه‌یاندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌:

لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە كەوتنی شاری موسڵ لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعشەوە لە حوزەیرانی 2014 زاینی، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، پاش بینین و دیراسەتكردنی ناوەرۆكەكەی، لە بارەی پرسیارەكان و بەلاڕێدابردن و دووركەوتنەوە لە كرۆكی بابەتەكە و بنەماكانی، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:

یەكەم:
زۆربەی پرسیارەكان مینڕێژكراون و گومانی زۆر و تۆمەتباركردنی ژێربەژێریان تێدایە كە زۆر لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵەوە دوورن، هیچ ڕاشكاویی و شەفافییەتێكیان تێدا نییە، بۆیە پێمان وانییە پێوەندیی بەئێمەوە هەبێت و كاریشمان بەسەرییەوە نییە.

دووەم:
پێویست بوو ئەو پرسیارانە لەو كەسانە بكرێت كە ڕێگرییان كرد لە هاریكاریی لەگەڵ پێشمەرگە و بگرە نەیانهێشت پێشمەرگە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە پێش گرتنی موسڵ و دوای گرتنیشی، هەروەها ئاراستەی ئەو سەركردە سەربازییانە بكرێت كە لە موسڵ هەڵاتن و موسڵ و چەكەكانیان تەسلیمی داعش كرد.

سێیەم:
هەرچی بابەتی چۆنێتی ئیدارەدانی شەڕ لە دژی داعش و وردەكاریی و لێكەوتەكانێتی لە هەرێمدا، ئەوە حەسرییەن تایبەتە بەدامودەزگاكانی هەرێم.

دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
11/6/2015



PM:05:40:11/06/2015