بەڕێوبەری ناحیەی چوارقوڕنە: پێم چاک ناکرێت‌و دەستلەکاردەکێشمەوە

دوای خۆپیشاندانی ئەمڕۆی شارۆچکەی چوارقورنە بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت: لەبەر ئەوەی بودجە نییە ناتوانین چاکی بکەین و من جارێکی دیکە ئامادە نیم لە چوارقوڕنە دابنیشم و سبەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش دەکەم.

حسێن عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە بە  NRT  ی ڕاگەیاند "دروشمی خۆپیشاندەران ئەوەبوو یان چاکی بکەن یان دەستلەکار بکێشنەوە، ئێمەش لەبەر ئەوەی بودجە نییە ناتوانین چاکی بکەین و من جارێکی دیکە ئامادە نیم لە چوارقوڕنە دابنیشم و سبەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش دەکەم".

بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقورنە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: گەر دەستلەکارکێشانەوەکەم قبوڵ کرا ئەوا لە ماڵەوە دادەنیشم، گەرنا ئامادە نیم لە چوارقوڕنە دابنیشم و دەوام بکەم و دەمەوێت لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەوام بکەم.

ئەمڕۆ ٨/٣ چەندین شارو شارۆچکەی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵبجەو ئیدارەی راپەرین لەبەر خراپی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیان سازکرد، لە چواقورنەش خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو، لەئەنجامدا بینایەی ناحیەکە بەر هێلکەو بەرد دراو پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان هاتە ئاراوە.  



PM:09:06:03/08/2015