" پارتی داوا دەکات تا ٢٠٢٥ بارزانی سەرۆک بێت"

لە کاتێکدا ئەمڕۆ ٩/١٣لەهەولێر جارێکی تر دانوستانی پێج لایەنەکە دەستپێدەکاتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت: پارتی دووبارە داوای درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی دەكات بۆ ساڵی 2025.
 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكگرتووی ئیسلامی لەكۆبونەوە پێنج قۆڵیەكان، ئەبو بەکر هەڵەدنی دەڵێت" كێشەی سەرەكی ئەو پرسە بریتییە لە مانەوەی بارزانی لەپۆستەكەیداو ئەگەر دوو ساڵی دیكەشی بۆ درێژبكرێتەوە، پارتی دووبارە داوای درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی دەكات بۆ ساڵی 2025".

ناوبراو دەڵێت: پارتی جگە لەبارزانی كەسێكی تر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ھەرێم كاندید ناكات و، كێشەی گەورە لەمانەوەی بارزانییە لەپۆستەكەیو كێشەكانی تر لاوەكین.

ھەڵەدنی، ئەوە ئاشکرا دەکات کە پرسیاریان ئاراستەی پارتی كردووە كە ئەگەر بەمانەوەی بارزانی تا دوو ساڵی تر ڕازی بن، دوای ئەو دوو ساڵە داوا ناكەن بۆ خولێكی ترو تا 2025 سەرۆك بێت؟ لەبەرامبەردا پارتی وەڵامێكی نەرێنیان داونەتەوە.

دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر کە حەوتەم كۆبونەوەیە، هەڵەدنی دەڵێت: ئەگەر لەو كۆبوونەوەیەدا نەگەنە ڕێكەوتن، داوا لەحزبەكەی دەكات بەبنبەست گەیشتنی كۆبوونەوەكان ڕابگەیەنێت.



AM:09:02:13/09/2015