ئومێد خۆشناو: پارتی سوورە لەسەر گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی كۆبوونەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ حەوت سەرۆك فراكسیۆن لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان دەڵێت " بەدڵنیاییەوە خۆشبەختانە پەرلەمانتارانی ئەو حەوت فراكسیۆنە وەكو ئەو بیرناكەنەوە، ئەگەرنا ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەڕۆشت".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە 19-10-2016) سەرۆكی حەوت فراكسیۆن و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە، كە ئەو فراكسیۆنانە خاوەنی 62 كورسی پەرلەمانن، فراكسیۆنە بەشدارنەبووەكانیش خاوەنی 49 كورسین.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێك بۆ رووداو رەخنەی تووندی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كرد و گوتی "بەدڵنیاییەوە خۆشبەختانە پەرلەمانتارانی ئەو حەوت فراكسیۆنە وەكو ئەو بیرناكەنەوە، ئەگەرنا ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەڕۆشت، مەرج نییە هەر 62 ئەندام پەرلەمانەكەی ئەو حەوت فراكسیۆنەش هەمان تێڕوانینی سەرۆك فراكسیۆنەكانیان هەبێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت "ئێمە نەمانویستووە زۆرینە و كەمینە دروستبكەین، چونكە ئەم خولەی پەرلەمان لەسەر تەوافووقی نیشتمانی پێكهاتووە، بۆیە باوەڕمان وایە پێویستە بە تەوافووقی نیشتمانی پەرلەمان كارابكرێتەوە".

ئومێد خۆشناو جەختیكردەوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و پارتی سوورە لەسەر گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان. "چونكە پێمانوایە ئەو رێككەوتنە سیاسییەی نێوان پارتی و گۆڕان كۆتاییهاتووە، كە لەسەر ئەو بنەمایە حكومەت و پەرلەمان پێكهات".

لەبارەی كۆبوونەوەكە لە سلێمانی، ئومێد خۆشناو گوتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە كۆبوونەوەی پەرلەمان لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان لە هەولێر بكرێت".



PM:04:32:19/10/2016