کێشەیەکی تر لە سلێمانی روودەدات

سەرباری ئەو کێشانەی رووی لە هەرێم کردووە، چەند رۆژێکە دیاردەی کەمبوونەوەی غازی ماڵان لەسلێمانی سەریهەڵداوە. 

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە ماڵپەڕی خەندانی وتوە "كێشەكە بەهۆی‌ زۆربونی خواستەوە سەریهەڵداوە، چونكە هاووڵاتیان بەهۆی كەمی سوتەمەنییەوە بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاریدەهێنن".

گۆران قادر دەشڵێت "لەئێستادا رۆژانە 13 تەنكەر غازی شل كە دەكاتە نزیكەی 250 تۆن غاز دەگاتە سلێمانی‌، لەكاتێكدا ئێمە رۆژانە پێویستمان بە 400 تۆن غازی شل هەیە، كە لە كۆرمۆر و كەركوكەوە دێت، لەئێستادا سلێمانی زیاتر لەبڕی بەدەستهاتوو غاز بەكاردەهێنێت بۆیە توشی كەمبونەوەی غاز بوین".

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، چارەسەركردنی كێشەی كەمبونەوەی غاز بەپێدانی سوتەمەنی دەبێت بەهاووڵاتیان بۆئەوەی پەنانەبەنەبەر بەكارهێنانی غاز بۆ خۆگەرمكردنەوە، دەشڵێت "لەپێشتردا هەمان بڕمان بەدەستدەگەیشت و بەشی پێداویستی هاووڵاتیانی دەكرد".

پارێزگای‌ سلێمانی‌ رۆژانە پێویستی‌ بە 400 تۆن غازی شل هەیە كە هاووڵاتیان رۆژانە وەكو پێداویستییەكی‌ سەرەكی‌ بەكاریدەهێنن بەتایبەتی‌ بۆ دروستكردنی‌ خواردن، بەڵام لەگەڵ هاتنی‌ شەپۆلی‌ سەرما ئێستا بەشێك لە خەڵك بۆ خۆگەرمكردنەوەش بەكاریدەهێنن. رۆژانەش لە هەردوو وێستگەی‌ غازی‌ كۆرمۆر و كەركوكەوە بەبڕی‌ جیاواز غاز‌ بۆ سلێمانی رەوانە دەكرێت.



AM:10:59:04/12/2016