لەسەر تەقینەوەكەی كۆیە ژمارەیەك حیزبی چوارپارچە ی كوردستان كۆبوونەوە

ئەمرۆ لە بارەگای دەفتەری سیاسی (حدک) لە شاری کۆیە کۆبوونەوەی پارتەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لەسەر بانگهێشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو .

لەپاش كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا خالید عەزیزی، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان وتی: "بەشداریی پارتەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان رێزگرتنە لە دوایین قوربانییەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی".

وتیشی "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە بە پلەی یەکەم ئەو هاودەردی و هاوخەباتی و روحی وەحدەتخوازی ئێوە بۆ ئیحساسی مەسئولیەتی ئێوە، ببێت بە هەوێنێکی باش بۆ لێکنزیکبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەمانکاتیشدا ئیحساسی مەسئولیەتێکی گشتی لەسەر تێگەیشتن و پێگەیشتن و لێکحاڵیبوون، بۆ ئەوەی هەموو لایەکمان هەرێمی کوردستان بەپێی توانای خۆمان بپارێزین".

سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: "ئەگەر بڕیار بوایە بە دوای تیرۆرێک و کوشتنی چەند لە هاوڕێیانی ئێمە و بەدوای ئەو نەهامەتیانەی کۆماری ئیسلامی بەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی هێناوە، خەباتمان راگرتبایە، دەبوو دەمێک بوو ئەوەمان کردبا، بەڵام کۆماری ئیسلامی و ئەو لایەنانەی کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە دەبێت لەیەک شت بگەن ئەویش ئەوەیە، کێشەی میللەتێک کە لەسەر مافەکانی خۆی حیزب و رێکخراوی سیاسی دروستکردووە و بەدوای جێخستنی مافەکانی خۆیدا دەگەڕێت، لە رێگای شەڕ و پێکدادان و تیرۆر و تۆقاندن چارەسەر نابێت".

شەوی سێشەممە 20-12-2016 لەبەردەم دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، دوو تەقینەوەی یەك لەدوای یەك روویاندا و، بوونە هۆی شەهیدبوونی پێنج پیشمەرگەی ئەو حیزبە و دوو كارمەندی ئاسایش.



PM:01:28:25/12/2016