وێنە.. عەرەبێك 12 چەقۆ لەژنێكی كورد دەدات

لە شارۆچكەی عەینكاوەی شاری هەولێر، پیاوێكی عەرەب كە بە بڕی 22 هەزار دۆلار قەرزاری ژنێكی كورد بووە، 22 چەقۆ لە ژنەكە دەدات.

 ن. ئ. ناوی ئەو ژنەیە كە پیاوێكی عەرەب داویەتە بەر چەقۆ. (ن) بە (رووداو)ی وتووە "مانگی 10ی ساڵی رابردوو، 22 هەزار دۆلارم دایە پیاوێكی عەرەب بەناوی (حاجی ب)، بۆئەوەی مانگانە 500 دۆلارم وەكو قازانج پێبداتەوە، چونكە من لە مێردەكەم جیاببوومەوە و ویستم لەڕێگەی ئەو پارەیەوە بیژیێنم".

بەگوتەی ئەو ژنە، (حاجی ب) هاووڵاتییەكی عەرەبی شیعەیە و لە هەولێر دادەنیشێ‌. لە پێشەنگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵ كاردەكات. (ن) گوتی "حاجی بەڵێنی پێدابووم مانگانە 500 دۆلارم بداتێ‌، بەڵام ئەوە زیاتر لە چوار مانگە یەك سەنتیشی نەداومەتێ‌".

ن.ئ. چەند جارێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە داوا لە حاجی دەكات پارەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەو هەموو جارێك پێیدەڵێت: باشە بەسەرچاو. كەچی پارەكەشی بۆ ناگەڕێنێتەوە.

دوایینجار رۆژی 29/1/2017 ئەو ژنە پەیوەندی بە (حاجی ب) كردووە و هەڕەشەی لێكردووە ئەگەر پارەكەی بۆ نەگەڕێنێتەوە، سكاڵای لەسەر تۆماردەكات. بۆیە حاجی رازی دەبێت پارەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

(ن) دەڵێت "حاجی پەیوەندیی پێوەكردم و گوتی: وەرە نزیك پاركی ئەڤین، لەسەر رێگەی هەولێر– كۆیە، لەوێ‌ قسە لەسەر بابەتەكە دەكەین. منیش چوومە ئەو جێگەیەی خۆی دەستنیشانی كردبوو، بەڵام دوای ئەوە، پێیگوتم دەبێت لێرە بڕۆین و بچینە شوێنێكی دیكە. تاوەكو شارۆچكەی عەینكاوە رۆیشتین.

بەڵام لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا كەوتە گیانم و نزیكەی 10 بۆ 12 چەقۆی لێدام". دەشڵێت "چەقۆكان بەر ران، قۆڵ و سەرم كەوتن. هەروەها بە بۆكسیش لە دەموچاوی دام و شینی كردەوە. دواتر منی فڕێدایە خوارەوە. ئەوەندە ئاگاداربووم کە بردیانمە نەخۆشخانە".

دوای رووداوەكە، (ن) هانا بۆ هاوژینی پێشووی دەبات كە حەوت مانگە لێی جیابووەتەوە. (ت.س) كە هاوژینی پێشووی ئەو ژنەیە، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە خاوەنی دوو كوڕ و كچێكین، بەڵام بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە رۆژی 24/7/2016، بڕیارماندا لەیەكدی جیاببینەوە، بەڵام دوای ئەوەی هاوژینی پێشووم ( ن.ئ)، پەیوەندیی پێوەكردم، ناچاربووم یارمەتیی بدەم و بەهانایەوە بچم".

گوتیشی "ئێمە پەیوەندیمان بە بنكەی پۆلیسی هەڤاڵانەوە كرد، بەڵام ئەوان گوتیان لەبەرئەوەی رووداوەكە لە عەنكاوە روویداوە، دەبێ لە بنكەی پۆلیسی عەینكاوە سكاڵا تۆماربكەن".

(ن) لەگەڵ هاوژینی پێشووی دەچنە بنكەی پۆلیسی عەنكاوە و سكاڵا لەسەر پیاوە عەرەبەكە تۆماردەكەن. (ت) گوتی "دوای ئەوەی لە پۆلیسی عەنكاوە سكاڵامان لەسەر ئەو پیاوە عەرەبە تۆماركرد، ئەوان بۆ ماوەیەك دەستبەسەریان كرد، بەڵام دواتر بە كەفالەت ئازادكرا. تاوەكو ئێستاش هیچ بڕە پارەیەكی بە هاوژینی پێشووم نەگەڕاندووەتەوە".

ژنەكە دەڵێت دەیەوێ لەڕێگەی یاساوە كێشەكەی بۆ چارەسەر بكرێت و ئەو پارەیەشی كە لای پیاوە عەرەبەكەیە بەدەستی وەری بگرێتەوە. ژنەكە بە قوڕگی پڕ گریانەوە گوتی "زوڵمێكی گەورەم لێكراوە، زۆر ئازار دراوم. ئێستاش جێگەی چەقۆیەكان بە جەستەمەوە دیارن".

(حاجی ب) ئامادەنەبوو قسە لەسەر ئەو دۆسیەیە بكات، بەڵام عەلی ئەحمەد غولام، كە هاوڕێیی حاجییە، بە (رووداو)ی گوت "من برادەری ئەوم، لە پێشانگای ئۆتۆمبێل پێكەوە كاردەكەین، بەڵام حاجی ب. وای لەو ژنە نەكردووە، راستە ئەو ژنە لە مەحكەمە سكاڵای تۆماركردووە و ئەو قسانەی گوتووە، بەڵام پیاوێكی عەرەب لە هەولێر بە هیچ جۆرێك ناتوانێت وا لە ژنێك بكات و چەقۆی لێبدات". گوتیشی "ئەگەر لە دادگە ئەو تاوانەی لەسەر ساخ بووەوە، من خۆم تۆڵەی ئەو ژنەی لێدەكەمەوە".

(رووداو) چەند جارێك پەیوەندیی بە لێپرسراوی بنكەی پۆلیسی حەدیاب لە عەینكاوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. سەرچاوەیەك لە بنكەی ناوبراو تەنیا ئەوەندەی بۆ (رووداو) پشتڕاستكردەوە كە ئەو ژنە سكاڵای تۆماركردووە و دۆسیەكەی لە دادگایە.

بێمنەتی دەكات

(رووداو) چەند بەڵگەیەكی دەستكەوتووە، كە دوای رووداوەكە لەڕێگەی نامەی مۆبایل، فەیسبووك و ڤایبەر بۆ ژنەكە هاتووە، كەسێك بە ناوی (حاجی ب) چەند نامەیەكی بۆ (ن.ئ) ناردووە. لە یەكێك لە نامەكاندا داوای لێبوردنی لێدەكات "داوای لێبووردن دەكەم خوشكەكەم، من هەڵە بووم، ئەگەر پۆلیس من بگرێ، لەلای پۆلیس دەڵێم ئەو ژنە ناناسم و من پارەم وەرنەگرتووە، دواتر من پارەم هەیە و دەتوانم لەڕێگەی مەحكەمەوە ئازادبكرێم". هەر لەو نامەكەدا نووسیویەتی "ئەگەر سكاڵا تۆمارنەكەی، من هەموو پارەكەت دەدەمەوە و  50 هەزار دۆلاریشت بە دیاری دەدەمێ".



AM:11:34:28/02/2017