هۆشیار عەبدوڵا: خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە وتارێکیدا دەڵێت "خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە ، خاکی گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە ".

هۆشیار عەبدوڵا لە میانی وتارێکیدا کە بە بۆنەی نەورۆزەوە نوسیویەتی ئاماژە بەوە دەکات جەند سروشتی نیشتیمان جوان و دڵگیرە هێندە نوخبەی سیاسیی حکومڕانی هەرێم ناشرینن و بێزراون.

ئەو نوسیویەتی " کە بەهار دێت ، ئەو هەمو گوڵ و نێرگز و باران و سەوزایی و جوانی سروشتی نیشتیمانە ناتوانن ناشیرینی ئەو دەسەڵاتدارانەمان بۆتاوێکیش لەبیر بەرنەوە ، لەگەڵ نوێبونەوەی سروشتی جوانی کوردەواریدا شاهیدی فرۆشتنی نیشتیمانین ، شایەتی بێڕێزیکردن بە ئینسانین ، ئەبینین کە چۆن ئێرەیان بە خەڵک و خاکیەوە ، بە ڕەز و باخیەوە ، بە کانی و ئاویەوە بە دوێنێ و ئێستا و بەیانیەوە ، وێران و بێ هیوا کردوە و دەکەن ، دەبێ ئیدی سرودەکانیش بگۆڕین، دەبێ ئیتر بڵێن ((خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە ، خاکی گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە...))"

دەقی نوسینەکەی بخوێنەرەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی نەورۆزەوە ؛

هێندەی جوانی بەهار خاوەنی دەسەڵات و نوخبەیەکی حوکمڕانی ناشیرینین .

لەم نیشتیمانی خۆرەدا ، لەم کوردستانە جوانەدا ، وەرزەکان بە دوای یەکدا هەریەکەیان بە ڕەنگی خۆی ، بە بەرگی خۆی .. بە دوای یەکدا دێن و دەچن ، تیشکی زیوینی خۆرەتاوی جوانی بەیانیان ، گەڵاڕێزانی خەزانی درەختەکان و بەفری بێگەردی داباریوی شەوان ، ئاسمان و ڕێژنەی بارانی بەهارانی ئەم نیشتیمانەی ئێمە ، تابلۆ و کەڤاڵی دەگمەنن لە جوانیدا.

سروشت لەم نیشتیمانەدا دڵگیرە ، بە پێچەوانەی دەسەڵات و نوخبە سیاسیە حوکمڕانەکەیەوە کە هەتا بڵێی ناشیرینن ، هێندە ناشرین و بێزراون خەڵکیی جوانی سروشتی نیشتیمان بەهۆی کردەوەکانی ئەوانەوە هەست پێناکات، چێژ لە جوانی وەرزەکان ناکات بە هۆی نەبونی خزمەتگوزاری و فەشەلی ئیداریانەوە ، بەڕادەیەک ئەو نیشتیمانەیان داگیر کردوە خەڵک و خاکیان بەیەکتری نامۆ کردوە ، زۆرێک لە هاونیشتیمانیەکانی لە وڵاتی خۆیاندا هەست ئەکەن غەریبن ، هەست ئەکەن نیشتیمان ، بۆتە نیشتیمانی دز و جەردە و خائین و فایلدار و جاش و خۆفرۆشەکان و هەرچی خێر و بێری سەرزەوی و ژێرزەوی هەیە ئەوان زەوتیان کردوە ، ئەو گروپە دەسەڵاتدارە وایان کردوە خەڵکی بە دیار جوانی سروشتەوە داخ لە ناشیرنی ئەوان بخۆن و بڵێن ، ئێمەش و ئەو نیشتیمانەش شایستەی وەها گروپ و وەها کاستێکی بەدکار نەبوین !

کە بەهار دێت ، ئەو هەمو گوڵ و نێرگز و باران و سەوزایی و جوانی سروشتی نیشتیمانە ناتوانن ناشیرینی ئەو دەسەڵاتدارانەمان بۆتاوێکیش لەبیر بەرنەوە ، لەگەڵ نوێبونەوەی سروشتی جوانی کوردەواریدا شاهیدی فرۆشتنی نیشتیمانین ، شایەتی بێڕێزیکردن بە ئینسانین ، ئەبینین کە چۆن ئێرەیان بە خەڵک و خاکیەوە ، بە ڕەز و باخیەوە ، بە کانی و ئاویەوە بە دوێنێ و ئێستا و بەیانیەوە ، وێران و بێ هیوا کردوە و دەکەن ، دەبێ ئیدی سرودەکانیش بگۆڕین، دەبێ ئیتر بڵێن ((خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە ، خاکی گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە ...))

نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی ، وەرزێکی تری بەهار ، ڕازانەوەی سروشتی جوانی کوردەواری ، پڕ بێت لە ئاسودەیی بۆ ئازادیخوازان و ئەوانەی خێر و خۆشیان بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمان ئەوێت .

هۆشیار عەبدوڵڵا

۲۰ ئازاری ۲۰۱۷



AM:09:43:20/03/2017