ساڵح موسلیم: پرۆژەی ئێمە فیدڕالیە

هاوسەرۆكی پەیەدە رایگەیاند، هەر هەواڵێك بڵاوبكرێتەوە لە بارەی دروستكردنی ناوچەیەكی سەربەخۆی كوردی لە سووریا دوورە لە راستییەوە، بەڵكو پرۆژەی ئەوان فیدراڵی سووریایە.

ساڵح موسلیم لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "ئەوان سەربەخۆیی كوردستانی سووریایان ناوێت، پێكهاتەی كوردی بە تەنیا نییە لە هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە سەركەوتنیان بە دەستهێناوە و خاكێكی زۆریان رزگاركردووە و ئێستا دووەم هێزە لە وڵات، لەگەڵ ئەواندا هێزی دیكەی عەرەب و سریان و توركمان هەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆژەی ئێمە بۆ سووریا دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراتیی یەكگرتووە بە سیستم و یاسای نوێ بۆ سووریا، كە هەمووان یەكسان بن تێیدا.

لەبارەی پەلەكردن لە بڕیاری هەڵبژاردن و دابەشكردنی هەرێمەكان ساڵح موسلیم روونیكردەوە، ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین، تاكو كێشەكانی سووریا بە تەواوی چارەسەر دەكرێن، وادەیەك نازانین بۆ بەدیهاتنی ئەمە، بۆیە ناوچە رزگاركراوەكان پێویستە سیستمێكیان هەبێت بۆ راییكردنی كاروبارەكان و دواتر دەركردنی یاساكان، ئەمە هەموو شتێكە، بەڵام لەوێ دەویسترێت كارتەكان تێكەڵ بكەن



PM:02:28:06/08/2017