تورکیا ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ڕاگەیاند

حکومەتی تورکیا ئاماری کوژراوانی لە ئۆپراسیۆنی  سەر هەرێمی عەفرینئاشکراکرد و ڕایگەیاند "١٤ سەربازی تورکیا و چەکدارانی سوپای ئازادی سوریا کوژراون و ١٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون".


ئەحمەد دەمیرجان وەزیری تەندروستی تورکیا لە میانی بەسەرکردنەوەی سەربازو چەکدارە بریندارەکاندا وتى "سێ سەربازی تورکیا لە ئۆپراسیۆنی لقی زەیتوندا کوژراون و ١١ چەکداری سوپای ئازادی سوریاش تا ئێستا کوژراون".

وەزیری تەندروستی تورکیا وتیشی "لە ئۆپراسیۆنەکەدا ١٣٠ کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا و ٨٢ کەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، هیچ کام لە بریندارەکانیش برینەکانیان سەخت نەبووە".

ئەوە لەکاتێکدایە هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشتر ئەوەی ڕاگەیاند ئەو ئامارانەی حکومەتی تورکیا لەبارەی کوژراو و بریندارانیەوە بڵاوی دەکاتەوە ناڕاستن.

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.



PM:12:28:26/01/2018