میدیای یەکێتی: پەلاماری ماڵی بەرپرسێکی یەکێتیی دەدرێت

میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە بەفەرمانی بەرپرسێکی باڵای پارتی، پەلاماری ماڵی ئەندامێکی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەدرێت، بەرپرسەکەی یەکێتیش ڕایدەگەیەنێت، " بەفەرمانی بەرپرسێکی باڵای پارتی ھەڕەشەم لێدەکرێت و مەترسی لەسەر ژیانم ھەیە".

خالید گۆران، ئەندامی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە؟تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "من لەساڵی 2014 وە پەیوەندیم کردوە بەڕیزەکانی یەکێتیی و بڕیارمداوە خۆم و کوڕو ھەموو ئەو ئامۆزایانەشم کە پەیوەندیمان بەیەکێتیەوە کردوە تا دوا ھەناسە جەلالی بین و بۆ ڕۆژێکیش پشت لەیەکێتیی نەکەین".

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئاماژەی بەوەشدا، بەفەرمانی بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوام لەژێر ھەڕەشەدایە، وەکو خۆی دەڵێت "دوای ئەوەی جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی ھاتە سنورەکەمان ئێمە پێشوازی گەرممان لێکردو وێنەمان لەگەڵ گرت و دواتریش وێنەکانمان بڵاوکردەوە، ئەمەش کاردانەوەی نەیارانی یەکێتیی لێکەوتەوەو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەچەک ھێرشمان کرایەسەر لەماڵەوە".

وتیشی "بەڵام سوپاس بۆ خوا ھیچ زیانێکی گیانی لەو پەلامارەدا نەبوو، تەنھا چەند فیشەکێک بەماڵەکەمانەوە نرا، ئەمەش ڕون و ئاشکرایە کە بەفەرمانی کێ ئەنجامدراوە".

باسی لەوەشکرد، "ماوەیەکی زۆرە ھەڕەشەیەکی زۆرمان لەسەر کە واز لەڕیزەکانی یەکێتیی بھێنین، بەڵام لێرەوە جەختدەکەمەوە، وازھێنان لەیەکێتیی لەبەرنامەمدا نییەو ھەتا ڕۆحمان تێدابێت خزمەتکاری یەکێتیی دەبین و درێژە بەڕێبازەکەی مام دەدەین".

جەختیشیکردەوە، سەرەتا بەھەڕەشەی دور بەدورو دواتر بەپەلاماری ماڵەکەم دەستی پێکردو لەئێستاش بەدواوە بۆ ھەموو ئەگەرێکی دیکە خۆمان ئامادەدەکەین، "بەڵام خەیاڵیان خاوە نەیارانمان وا ھەست بکەن بەو کردەوە چەپەڵ و ترسنۆکانەیە ئێمە لەیەکێتیی سارد دەبینەوەو پشت لەیەکێتی دەکەین".



PM:04:31:27/04/2018