حەیدەر عەبادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای پرۆسەی دەنگدانی هاوڵاتیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا،هێزە چەکدارەکان توانیان شکست بە هەموو هەوڵە نەزۆکەکانی تیرۆر بهێنن کە دەویسترا ئاسایشی و ئارامی کەشی هەڵبژاردنەکان تێکبدرێت.

ئەمڕۆ شەممە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق،  لە راگەیەندراوێکدا، ستایشی هێزە چەکدارەکان و دامودەزگاکانی حکومەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرجەم بەشداربووەکانی کرد لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا.

هیواشی خواست گەلی عێراق بە ئاراستەی داهاتوویەکی ڕۆشندا هەنگاو بنێت بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاریکردن لە دۆخی ئەمنی وڵات و ئەو قوربانیانەی کە پێشکەش کراون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بە دەنگی خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژارد، بە تایبەت کە لە پارێزگا ئازادکراوەکان کە لە دوای شکستپێهێنانی داعشەوە بۆ یەکەمجار بوو دەنگدانیان تێدا بەڕێوەبچێت.

عەبادی دوپاتی کردوە، کە هێزە چەکدارەکان توانیان شکست بە هەموو هەوڵە نەزۆکەکانی تیرۆر بهێنن کە دەویسترا ئاسایشی و ئارامی کەشی هەڵبژاردنەکان تێکبدرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا عەبادی باسی لەوەشکردووە، بە قوربانیدانی گەلی عێراق ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بە دەستهاتووە لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و یەکپارچەیی گەلی عێراق و خاکەکەی.

لە کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، تاوەکو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بنکەکانی دەنگدان بەروی هاوڵاتیانی عێراق کرانەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژارنی پەرلەمانی عێراق، کە بۆ یەکەمجارە لە دوای لەناوبردنی ڕێکخراوی داعشەوە هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ٩٠٠ هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و سوپای خستە ئامادەباشییەوە بۆ پارێزگاریکردن لە بنکەکانی هەڵبژاردن.


PM:08:39:12/05/2018