پۆلیسی ڕانیە ووردەکاری ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو دەخاتەڕوو

شەوی ڕابردوو کاتژمێر نۆ ئاگر لە باغی هاوڵاتیێک کەوتەوە لە نزیک گوندی گردجان سەربە ناحیەی چوارقوڕنە، دەنگی تەقینەوەش بیسترا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕانیەش ڕوونکردنەوە دەدات.

لە ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ڕایگەیاندووە "ئەفسەری ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتیمان و ئەفسەری ئێشکگری بەشی پۆلیسی ڕانیە و هەروەها بەشێک لە ئەفسەرانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان لەگەڵ تیمەکانی بەڵگەو تاوانی ڕاپەڕین و مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بیتوێن، چوارقوڕنە، ماکۆک و بەشی پۆلیسی ڕانیە گەشتنە شوێنی ڕوداوەکە و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین توانرا کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە، لە ئێستادا هێزەکانمان سەرقاڵی وردی لێکۆڵینەوەن لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و ئەو تەقینەوانەی کە لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە ڕویانداوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕوداوەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە، بەڵام تەواوی بینای خانوەکە ڕوخاوە و لە ئێستادا بە هەماهەنگی تیمێکی بەرگری شارستانی سەرقاڵی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانین".

ئەوەش هاتووە "لەسەر ڕوداوەکە کەسێک دەستگیر کراوە بەناوی (ف،خ) تەمەن ( ٤۰ ) ساڵ بەپێی ماددەی ۲۱ لە یاسای چەک. لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە".

ئەمیر حەسەن



AM:11:50:06/07/2018