ئەردۆغان و پۆتن کۆدەبنەوە

سەرۆک کۆماری هەردوو وڵاتی تورکیا و رووسیا کۆدەبنەوە و تاوتوێی بارودۆخی سووریا و پرسی هێرشکردنە سەر شاری ئیدلیب لە رۆژئاوای سووریا، دەکەن.

مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە 17/9/2018 لە شاری سوچی لە باشووری رۆژئاوای رووسیا، ئەنجام دەدرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا تاوتوێی شەڕی ناوخۆیی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە گشتی و پرسی هێرشی سوپای رووسیا و رژێمی سووریا بۆ سەر شاری ئیدلیب بە تایبەت، دەکەن.

سوپای رووسیا و رژێمی سووریا لە قۆناغی ئامادەکاریدان بۆ هێرشکردنە سەر شاری ئیدلیب بە مەبەستی ”لەناوبردنی دوایین پێگە"ی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.

لە مانگی ئەیلوولی 2015، سوپای رووسیا بە ناردنی چەک و سەرباز، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، دەکات.

پێشتر چەندین جار وڵاتانی ئەمریکا و فەرەنسا هۆشدارییان بە رژێمی سووریا داوە، کە لەئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵکی ئیدلیب، ئەوا فڕۆکە جەنگییەکانیان رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن و تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی، دژایەتیی هێرشکردنە سەر ئیدلیب دەکات.



AM:11:08:15/09/2018