سەعدی پیرە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ یەکێتییە
پارتی فشار دەکات یەکێتی هیچ پۆستێک لە بەغداد وەرنەگرێت

لەکاتێکدا پارتی فشارێکی زۆری کردووە تا یەکێتی هیچ وەزارەتێکی پێ نەدرێت لە کابینەکەی عەبدولمەهدی دا، بەڵام سەعدی پیرە رایگەیاند، یەکێتی وەزارەتی کۆچو کۆچ بەران بۆ یەکێتییە.

سەعدی پیرە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ "سپی" رایگەیاند، " وەزارەتی کۆج و کۆچبەران بۆ یەکێتییەو جاواروانی وەرگرتنی پۆستی دیکەش دەکەین".

ئەو لێدوانەی سەعدی پیرە لە کاتێکدایە کە "سپی" زانیویەتی، خودی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی فشارێکی زۆرین خستووەتەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران، کە یەکێتی لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن(حکومەت)هیچ پۆستێکی پێنەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی فشارێکی زۆری کردووە، کە یەکێتی هیچ وەزارەتێکی پێ نەدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ناردە بەغدا بۆ یەکلایی کردنەوەی پشکەکانی پارتی و، فشارخستنەسەر د.عادل عەبدولمەهدی تاوەکو هیچ پۆستێک نەدرێت بە یەکێتی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەم، دوای کۆبونەوەیەکی پڕ لە ململانێ و ناکۆکی پەرلەمانی عێراق بە نیوە ناچڵی کابینەکەی د.عادل عەبدولمەهدی پەسەند کردو لەو کابینەیەشدا تەنها دوو وەزیری کوردی تێدابوو کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە.


AM:10:47:25/10/2018