ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئەگەر پارتی خاوەنی 70 یان 80 کورسی پەرلەمانیش بێت ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت

پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ئەگەر پارتی خاوەنی ٧٠ بۆ ٨٠ کورسی پەرلەمانیش بێت، ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە سەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاندووە، "خول لە دوای خول پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لاوازتر و بێ تواناتر دەبێت.

دەشڵێت، ئەجەندایەک لە پشت لاوازکردن و شکاندنی شکۆی پەرلەمانەوە هەیە , با سەیری ئەندامانی پەرلەمانی نوێی هەرێم بکەین و بزانین چەند پزیشک و چەند ئەندازیاری پێشکەوتوو و چەند خاوەن بڕوانامەی باڵا و چەند یاساناس لە پەرلەمانی نوێداهەیە.

هەڵەدنی بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەوەی لە پەرلەمانی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا لیژنەکان بتوانن بە کارایی ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن و دەڵێت، ڕۆحی کاری پەرلەمانی بریتییە لە لیژنەکان و دەشڵێت ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی و کاڵبوونەوە ڕۆیشتووە.

هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات کە داخستنی پەرلەمانی هەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەو بیانووە بووە کە نابێت پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر بنچینەی زۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵکو دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.

دەشڵێت هیوادارە پارتی دیموکراتی کوردستان بیر لە هەڵەی وەها نەکاتەوە تا ئەو بابەتانەی ڕەهەندێکی نیشتمانییان هەیە بەو ئاقارەدا نەبات کە پێویستە سازان و کۆدەنگی لایەنەکانی تریشی لەسەر بێت، نەک ئەوەی بە زۆرینە تێبپەڕێندرێن.

ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت لەوبڕوایەدایە پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکەوە کابینەی نۆی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن نەک لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، چونکە بەرژەوەندییەکانی پارتی و یەکێتی وەها تێکەڵ بوون و بە ئەندازەیەک پێویستیان بە یەکتر هەیە، وەک ئەوەی بڵێیت پارتی و یەکێتی دوو دیوی دراوێکن.
 
٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و وابڕیارە ٧ی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.


AM:12:00:03/11/2018