حکومەتی بەریتانیا بەفەرمی بڕیاری جیابوونەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا پەسندکرد

ئەمشەو چواشەممە 14ی تشرینی دووەم حکومەتی بەریتانیا لە کۆبونەوەیەکیدا رەشنووسی جیابوونەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا پەسندکرد.

تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە دوای کۆبوونەوەیەکی پێنج کاتژمێری حکومەت رایگەیاند، کابینەکەی بە زۆرینەی دەنگ رەشنووسی جیابوونەوەیان لە یەکێتیی ئەوروپا پەسندکردووە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێی وایە بڕیارەکە باشترینە بۆ بەرژەوەندی سەرتاسەری شانشینی یەکگرتوو و لە 
بەرژەوەندی نیشتمانییە و رێککەوتنەکە بەڵێنەکانی ریفراندۆمەکەی ساڵی 2016ی تێدایە.

هەروەها تێرێزا مەی باسی لەوەشکرد، کە بڕیارەکە هەلیکار و یەکگرتوویی دەپارێزێت.

پێشتر حکومەتی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو رەشنووسە بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە رێککەوتبوون، ئەمشەویش کابینەکەی تێریزا مەی پشتیوانی رەشنووسەکەی کرد، بەڵام پێویستە پەرلەمانی بەریتانیا و سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش رەزامەندی لەسەر بدەن.

ئەگەر بگەنە رێککەوتن، ئەوا تاوەکو 29-3-2019 بەریتانیا بەتەواوی لە یەکێتیی ئەوروپا جیادەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە گشتپرسییەکدا لە ساڵی 2016 لە 52%ی خەڵکی ئەو وڵاتە دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا.




PM:10:56:14/11/2018