هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک ڕێککەوتن

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی (١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، "حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی مەبدەئییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک."

وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکرایکرد، بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتنەکە نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕۆژانە ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا عاسم جیهاد وتوویەتی، "هەناردەکردن و فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆوە) دەبێت."

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، عێراق ھەناردەکردنی نەوتی لە کەرکوک دەستپێکردووەتەوە، دوای ئەوەی بەھۆی ناکۆکی نێوان بەغدا و ھەولێر بۆ زیاتر لە ماوەی ساڵێک ڕاگیرابوو.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەش بە سەرکەوتنێک بۆ حکومەتی ئەمریکا دادەنرێت کە فشاری لە ھەردوو حکومەتی بەغدا و ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت لە کەرکوکەوە، بۆئەوەی ھاوکاربێت لە چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی نەوتی خاوی ئێران لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەی واشنتۆن سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز  لە زاری سەرچاوەکانی ئاگادار لە ھەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، بەم نزیکانە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران ڕادەگیرێت، وەک پابەندبوونێک بە سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.



PM:06:07:16/11/2018