ڕێبوار تاڵەبانی: رێگا لە ئاڵای کوردستان دەگیرێت، بەڵام ئاڵای تورکیاو وێنە خومەینی ئازادە

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، لە کەرکوک وێنەی خومەینی، ئاڵای تورکیا و ئێران هەیە و ئاڵای کوردستان قەدەغەیە.

ڕێبوار تاڵەبانی لەمیانی چاوپێکەوتنی لە بەرنامەی NRT  دا رایگەیاند " ئەو ئاڵایانەی لە کەرکوکدا هەن هی ناو عێراق نین، بەڵام ئاڵای کوردستان کە پەسەندکراوە لەلایەن حکومەتی ئیتیحادی و دەستوری عێراقییەوە قەدەغەیە".

ئەو جەختدەکاتەو "هەر نەدەبوایە ئاڵای کوردستان دابگیرایە."

ڕێبوار تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "جاران دەیانوت ئاڵای کوردستان نابێت لەسەر دامەزراوە حکومییەکان هەڵبکرێت، کەچی ئێستا زیاتر فشار دەکەن و دەڵێن نابێت لەسەر بارەگا حزبییەکانیش هەڵبکرێت، ئەمەش پێدرێژکردنێکی زیاترە."

ڕێبوار تاڵەبانی ڕەخنەی لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە درەنگانی شەوی ڕابردوودا لەلایەن یەکێتییەوە گرت و ڕایگەیاند، "خۆ دزیمان نەکردووە لە یانزەی شەودا ئاڵا هەڵدەکەین."

ڕاشیگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئازایەتی نییە، چونکە مافێکی دەستوری و یاساییە و قەدەغەکردنی تاوانە.

دەربارەی پێگەی کورد لە کەرکوکدا ڕایگەیاند " ئێستا کورد لە کەرکوکدا بێدەسەڵاتە و لەو شارەدا حوکمی عورفی هەیە و هیچ یاسایەک نەماوە".

ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکوک کە درەنگانی شەوی رابردوو لەلایەن یەکێتییەوە لەسەر بارەگاکانی هەڵکرابووەوە.



PM:09:40:09/01/2019