گۆڕان: پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەوێتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمان

ئاراس وەلی ئەندامی شاندی دانوستانکاری گۆڕان لەگەڵ پارتی رایگەیاند، لەو کۆبوونەوانەی تائێستا لەنێوان ھەردوولا ئەنجامدراون خاڵی ھاوبەشیان زۆرە و دەڵێت "پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەوێتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمان".

ئاراس وەلی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی ئانادۆڵی رایگەیاند، لەسەر وردەکاری پێکھێنانی حکومەتی نوێ، لەچەند رۆژی داھاتوودا لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان گۆڕان و پارتی دەست بەکارەکانیان دەکەن، و لە میانی ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامیانداوە خاڵی ھاوبەشیان زۆرە و لەسەر چەند پرسێکیش بۆچونی جیاوازیان ھەیە.

ڕاشیگەیاندوە، لە دواین کۆبونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی دوو لیژنەیان پێکھێناوە، یەکەمیان تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت کە رەنگە ئەرکی ئەم لیژنەیە درێژە بکێشێت لەگەڵ لایەنی تریش کە بێنە نێو حکومەت، و لیژنەی دووەم پەیوەستە بەوەی بە چ پێوەرێک ئێمە و لایەنی دیکە لە کابینەکەدا پۆست وەردەگرین.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیاربوو لیژنەکان لەپێش ھاتنی ساڵی نوێ بەشێوەیەکی دووقۆڵی کۆبونەوەی خۆیان بکەن بەڵام بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە ئەنجام نەدران، چاوەڕوان دەکەن لەم چەند رۆژەى داھاتوودا ئەو کۆبونەوانە بەڕێوە بچن و دەست بەکاری خۆیان بکەن.

ڕاشیگەیاندوە، لە میانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا دوو وەرەقەمان داوەتە شاندی دانوستانکاری پارتی ، یەکەم تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارکردنی حکومەت ، بابەتی دووەمیش تایبەتە بەو ئیستحقاق و پشکەی گۆڕان لە حکومەت وەری دەگرێت.

لە بارەی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش کە لە خولی پێشووی پەرلەمان خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنە بوو، ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە، پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم پرسێکە دەکەوێتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمان کە چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، و پێویستە ھەموولایەکیش جۆرێک تێگەیشتنی ھاوبەشیان ھەبێت بۆ ئەوەی دوورکەوینەوە لەو دۆخەی پێشتر ھەمانبوو.


PM:01:36:18/01/2019