زەریف: هەڵكشانی گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا لە بەرژوەندیی ئێراندا نییە

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند كە تاران نایەوێت گرژییەكانی لەگەڵ واشنتۆن زیاتر بكات و رێگە نادات گەرووی هورمز رووبەڕووی نائارامی بكرێتەوە.

محەمەد جەواد زەریف لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ئاسمانیی جەزیرە رایگەیاند كە رێگەنادەن گەرووی هورمز رووبەڕووی نائارامی بكرێتەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئێران، راشیگەیاند كە هەڵكشانی گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا لە بەرژوەندیی ئێراندا نییە و وتی "تاران نایەوێت گرژییەكانی لەگەڵ واشنتۆن زیاتر بكات. كەنداو و گەرووی هورمز گرنگیی زۆریان هەیە بۆ ئێمە. ئێمە دەمانەوێت ئەوێ بۆ هەموو وڵاتان بە ئێرانیشەوە ئارام و ئازاد بێت. ئەگەر ئەمریكا بڕیار بدات گەرووی هورمز رووبەڕووی نائارامی بكاتەوە، ئێران رێگە بەمە نادات".

 محەمەد جەواد زەریف لەبارەی ناوبردنی ئێران بە سەرچاوەی ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە لە لایەن ئەمریكا، ئیسرائیل و سعوودیەوە وتی "ئێستا كێ دەستی وەرداوەتە سوودان و لیبیا؟ كام وڵاتانە گەمارۆیان خستە سەر قەتەر؟ كێ پیلانی كودەتای لە توركیا داڕشت؟ سەرنجی رووداوەكانی ئەم وڵاتانە بدەن، ئایا ئێرانە دەست وەردەداتە ئەم وڵاتانە؟".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا كە هەریەكە لە جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، بینیامین ناتانیاهو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و شازادە محەمەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی، كە بە "تیمی B" ناویان دەبات، بانگەوازی جەنگیان كردووە دژبە ئێران.

محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند كە ئەمە شتێكی تازە نییە و وتی "بۆڵتن لە وتارەكەیدا بۆ نیویۆرك تایمز لە 2015دا، باسی جەنگی كردووە. پێشنیازی كردبوو بۆ رێگریكردن لەوەی ئێران چەكی ئەتۆمیی دەستەبەربكات، هێرشی ئەتۆمی لەدژی ئەنجام بدرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیكردەوە كە دەستێوەردانەكانی ئەمریكا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەكەی رووبەڕووی كاولكاری كردووەتەوە و وتی " دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند كە بڕی حەوت ترلیۆن دۆلاریان لە ناوچەكەماندا خەرجكردووە. ناوچەی ئێمەیان دووچاری داڕمان كردووە. تەنانەت خوێنی هاووڵاتیی ئەمریكیش كە بەبێ هۆ و بەبێ ئامانج لە ناوچەكەماندا گیانیان لەدەستداوە، بەدەستی ئەمانەوەیە".


PM:06:27:02/05/2019