پرسی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نوێ، سەرکردایەتی یەکلایی دەکاتەوە

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند" لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە".

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە: "لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە و ئەو لیژنەیەی لە مەكتەبی سیاسی كە بۆ هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان پێكهاتبوو سیڤییەكان دەهێننە كۆبوونەوەكە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانمان بۆ ئەو پۆستانەی لە كابینەی نوێی حكومەت وەریدەگرین".

سەركردایەتییەكەی یەكێتی بەماڵپەڕی ناسی راگەیاندووە، هەوڵدەدەن لەیەك كۆبوونەوەدا سەرجەم كاندیدەكان یەكلایی بكەنەوە، چونكە ئەوە كارێكە هەرچەندە دوابخرێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەر دەبێت بكرێت، بۆیە تا زوو بكرێت باشترە.

یەکێتی لەکابینەی نوێ سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و كشتوكاڵ لە گرنگترین ئەو پۆستانەن كە یەكێتی وەریاندەگرێت، لە کۆی ١٩ وەزارەت.



AM:11:15:10/05/2019