ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی و محەممەد جەواد زەریف لە بەغدا کۆبوونەوە. بەشێک لە سەردانەکەی جەواد زەریف پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا لەلایەن عێراقەوە.سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکردن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" عادل عەبدولمەهدی و محەممەد جەواد زەریف لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو دۆسیانە قسەیان کرد کە لە میانی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەریان رێککەوتبوون".
هەرلە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عادل عەبدولمەهدی و محەممەد جەواد زەریف، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان، دوورخستنەوەی هەردوو وڵات و ناوچەکە لە زیانی سزاکانی ئەمریکا و مەترسییەکانی شەڕ قسەیان کرد. هەروەها جەختیشیان لەسەر گرنگی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە و چۆنێتی پابەندبوون بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و ئەو شتانە کردەوە کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و خەڵکی عێراق و ئێران و ناوچەکەدان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سێشەمەی پێشوو، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق دوو شاند ڕەوانەی تاران و واشنتۆن دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بارگرژییەکانی ئەم دواییە.