کابینەی نوێی حکومەت چەند بڕیارێکی دەرکرد

له‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، کابینەی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم شه‌ش بڕیاری نوێی ده‌ركرد كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رمانبه‌ران و به‌غدا و چه‌ند پرسێكی تره‌وه‌ هه‌یه‌.

ئەمڕۆ دوشەممە (2019/7/15)، ئەنجومەنی وەزیران یەکەم کۆبونەوەی فەرمی کرد و سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردوە کە سبەینێ شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیازپاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەی دەستور.

تێیدا ئاماژە بەوەشکراوە دوای خستنەڕوی چەند بڕیار و رێکارێک، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پەسەندی کردون ئەوانیش:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دوەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەمو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم  ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت روتین لەدامودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی رون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک رون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە توندی سزا دەدرێن.


PM:07:48:15/07/2019