زانیاری نوێ لەبارەی ئەو گەنجەی لەبەردەم بینای شارەوانی ڕانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ گەنجێك لە دەرەوەی بینای شارەوانی رانییە بەهۆی كێشەی پارچە زەوییەكییەوە خۆی سووتاندووە، كە بەر پڕۆژە كەوتووە و قەرەبوو نەكراوەتەوە، هاوکات لای خۆشییەوە سەرۆک شارەوانی ڕانیە بە "ڕووداو"ی ڕاگەیاند" دڵشاد ئامادەکاری کردبوو بۆ خۆسووتاندن و هیچ گفتوگۆیەکی توندم لەگەڵ دڵشاد نەکردووە".

 

سەردار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی رانیە بە رووداوی راگەیاند" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو هاونیشتمانییە سەردانی شارەوانی رانیەی کرد، پاشان سەردانی ژوورەکەی ئەوی کردووە و داوای رێگەپێدانی دروستکردنی خانووی کردووە، بەڵام ئەو شوێنەی ئەو دەیەوێت بیکاتە خانوو لە بنەڕەتدا شەقامە و ناتوانن رێگەی پێبدەن لەبەرئەوەی موڵکی گشتییە و پێشێلکاریی یاسایە".

 

سەرۆک شارەوانی ڕانیە وتیشی" ئەو هاونیشتمانییە پێداگریکردووە لەوەی مامەڵەکەی بۆ بکەن، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە، چونکە ئەوە پێشێلکردنی یاسایە و من بەرپرسیاریەتیم لە ئەستۆیە و ناتوانم".

 

 باوکی دڵشاد رایگەیاند" چەندین جار بەڵێنیان بە کوڕەکەی داوە رێگەی پێ بدەن زەویەکە بکات بە خانوو، بەڵام رێگەی پێ نەدراوە، کوڕەکەم چەندین جار داوایکردوە قەرەبوو بکرێتەوە بەڵام قەرەبوو نەکراوەتەوە و سەرۆکی شارەوانی پێێ وتووە بڕۆ چی لە خۆت دەکەیت بیکە".

 

  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێکى تەمەن "٣٥" ساڵ لەدەرەوەی بیناى شارەوانى رانیە ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا، هاوکات  گەنجەکە نەوتى کردوە بە خۆیدا و ئاگری لە جەستەی بەرداوە، بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەى جەستەى سوتاوە. 

 

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ناوبراو لە دەرەوەی بینای سەرۆکایەتی شارەوانی ڕانیە نەوتی کردووە بە خۆیدا و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کراوەتەوە. بۆزانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکەش لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.


 
 



PM:07:10:19/12/2019