لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" مەترسیەکە نەڕەویوەتەوە و لەژێر چاودێرییەکی وورددا رێگە بەکردنەوەی چەند شوێنێک دەدەین".
ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنە ھاوبەشەکان کۆبوەوە دەربارەی رێنمایی و رێوشوێنەکانی تایبەت بەکردنەوەی بەشێکی تر لەو دوکان و شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیان.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند" ھێشتا مەترسی کۆرۆنا نەڕەویوەتەوەو رۆژانە حاڵەتی نوێی تۆمار دەکرێت، لەبەر ئەوە بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان بڕیارو رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و ئەو شوێنانەی کە بڕیاری کردنەوەیان دراوە لە ژێر چاودێرییەکی ووردی تەندروستیدا و بەپێی کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی رێگە بەکردنەوەیان دەدرێت".
بڕیارە ئەمشەو قائیمقامیەتی سلێمانی رێنماییەکانی تایبەت بەکردنەوەی بەشێکی تر لە شوێنەکان بڵاوبکاتەوە و لە سبەینێوە بە پێی ئەو مەرج و رێنماییانە رێگە بەکارکردنیان دەدرێت.