ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدارەی راپەڕین چەند بڕیارێکی دەرکرد

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدارەی راپەڕین، بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و کارگێڕی سنورەکە کۆبۆەو چەند بڕیارێکی دەرکرد.

 

هیوا قەرەنی عبداللە سەرۆکی ژووری  ئۆپراسیۆنی ئیدارەی راپەرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر ( ١٠ ) ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی  ٢٧ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەرین بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و ئامادە بوونی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و کارگێڕیی سنوورەکە سازدا و دوای تاوتوێی بارودۆخ و رەوشی ناوچەکە کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دران بەم شێوەیە :

 

یەکەم / بەداخەوە کە سەرەنجام پەتای مڵۆزمی کۆڕۆنا بارگە و بارخانەی نگریسی خۆی لەناوچەکەماندا خست ، بەجۆرێک کە ئیتر    کۆڕۆنا،  زەنگێکی مەترسییدارە و لە بەردەرگای هەموو ماڵێکدایە ،بۆیە بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سنوورەکەمان و کەمترکردنەوەی فەزای تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو بەڵایە بۆ سەر گیان و تەندروستیی هاووڵاتیان بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی پشووی سەرجەم یەکەکارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئیدارەی راپەرین لە سبەی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تا رۆژی یەکشەممەی ئاییندە ٥ / ٧ / ٢٠٢٠ کە دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاحکومیەکانی سنوورەکەمان ..

دووەم / پشووی فەرمانگەکان ئەم فەرمانگە و دامودەزگاحکومییانە ناگرێتەوە و دەوامی خۆیان دەکەن : تەندروستی ، هێزە ئەمنییەکان ، گەنجینە و بانک ، ئەو فەرمانگانەی وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەکەیانی راگەیاندووە بە پێی رۆژی موچەوەرگرتنەکەیان ، خوێندنگە و پەیمانگەکانی کۆمپیوتەر ، هونەرەجوانەکان و وەرزش کە تاقیکردنەوەیان هەیە ، زانکۆکان کە سەرۆکایەتیی زانکۆ خۆیان شێواز و کاتی پشووەکەیان دیاری دەکەن ، هەروەها فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا ، شارەوانییەکان و کۆمپانیای پاکەوانیی کە خەفارەتیان دادەنێن بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزاییەکان.

سێیەم /کۆبوونەوە بەسپاسەوە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند کە لە سۆنگەی هەستکردن بەلێپرسراوێتیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەخلاقییەوە هاوکار بوون و بەدەنگ داواکاریی حکومەتەوە هاتن بۆ راگرتنی ئەنجامدانی نوێژی هەینیی و هیوادارین بەهەمان هەست و نەفەسەوە لەم کاروانە لەگەڵماندا بمێننەوە تا سەرکەوتنی یەکجارەکیی بەسەر دێوەزمەی کۆڕۆنادا .

چوارەم / بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکەمان نۆرینگەکانی پزیشکی کراوەدەبن بەمەرجی رەچاوکردن و پابەندبوونی تەواویان بە ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکانی دانراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی و یەکەکارگێڕییەکان ، هەتا بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتیی تەندروستیی راپەرین و سەندیکای پزیشکان و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بریارێکی گونجاویان لەسەر دەدرێ.

پێنجەم / سەرجەم هۆڵ و شوێنەکانی ئاهەنگ و شایی بەداخراویی دەمێننەوە.

شەشەم / هۆڵەکانی پرسە و پرسەی کۆڵان و ماڵەوە قەدەغەیە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن و  نەبنەهۆکار بۆ زیاتر بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە.

شەشەم / لیژنەکانی قائمقامیەت و ئاسایش لێپێچینەوە و ئیجرائاتی پێویست ئەنجام بدەن بەرامبەر بەوکەسانەی پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی ( دەسکێش و ماسکپۆشیی ئەنجام نادەن ) نین ، بەتایبەت پیشەوەر و کاسبکار و دوکاندارەکان.

حەوتەم / وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ گیانی بەرپرسانە و خۆپارێزانە و هەست بە بەرپرسیارێتیی هاوشاری و هاوڵاتیی سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی سنوورەکەمان ، داوایان لێ دەکەین بەهەمان گوڕ و تینی یەکەم رۆژی دەرکەوتنی ئەم پەتاوە بە دەنگ دەزگا ئەمنی و ئیجرائییەکانەوە بچن و تا بەهاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەک و پشتیوانیی خوای گەورە لەم جەنگەداسەپاوەشدا گەلەکەمان سەرکەوتوو و ڕووسوور و سەربەرز دێتەدەر .




PM:02:12:27/06/2020