ژوورى ئۆپەراسیۆنه‌كانى ئیدارەى گەرمیان ١٢ بڕیاری نوێی ده‌ركرد

ئه‌مڕۆ ٢١ی حوزەیران ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ١٢ بڕیاری نوێی ڕاگەیاند.

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەمڕۆ كۆبووەوە و بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام بێت و سەرجەم زاڵگەكانی گەریمان لەگەڵ ناوچەكانی دیكە بە داخراوی 5ی تەمموز بەداخراوی بمێننەوە و هاوكات بڕیاریشی داوە چەندین شوێنی دیكە دابخرێن.

دەقی بڕیارەكان:

 

یەكەم:داخستنی تەواوەتی هەموو زاڵگەكانی سنووری دەرەوەی ئیدارەی گەرمیان(ئیدارەی گەرمیان ـ سلێمانی ـخورماتوو ـ خانەقین ـ جەلەولاـ سەنگاو) تاوەكو بەرواری5ی 7 كاتژمێر 12ی شەو.

دووەم: بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بەئیدارەی گەرمیانی داوە وە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی كارمەندان و فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی حكومەتدا پشووی فەرمی درێژدەكریتەوە تا بەرواری 4ی 7 جگە لە دامەزراوە ئەمنییەكانی سەربەوەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و ئەو فەرمانگەو دامەزراوانەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەن، ئەوانیش بەپێ ی پێویستی فەرمانگەكانیان فەرمانبەراەكانیان لەئەركدا دەبن.

سێیەم: لەماوەی ڕاگەیاندراوی قەدەغەی هاتووچۆدا بۆ دەرەوەی شارەكان كارئاسانی بۆ جوتیاران ڕاپەڕاندنی كاروباری كشتوكاڵی و كێڵگەكانیان‌ دەكریت بەومەرجەی لە كاتژمێر 5ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە كاتی دەرچوون و گەڕانەوەیان بیت .

چوارەم:داخستنی مەزادخانەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان(كەلارـ كفری).

پێنجەم:سەرجەم مزگەوتەكان بەداخراوی دەمێننەوە،هۆڵەكانی پرسەو ئاهەنگگێڕان و پاركەگەشتیارییەكان و ئەو شوێنانەی كە هاووڵاتیانی تێدا كۆدەبێتەوە بەقەدەغەكراوی دەمێننەوە.

پێنجەم:هەموو كۆڕو كۆبونەوەو رێپێوان و گردبوونەوەیەك لەپیناو هەرچیدا و بۆهەرمەبەستێك ریگە پێدراو نیه،‌ لەبەرهۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داوامان وایە هاووڵاتیانی خۆشەویستی سنوورەكەمان پابەندبن پێیەوە، ئەم بڕیارە لەبەر بەرژەوەندی گشتیەو داوادەكەین هیچ لێكدانەوەیەكی دیكەی بۆنەكریت.

شەشەم:جەخت دەكەینەوە لە داخستنی مەلەوانگەو هۆلەكانی لەشجوانی و كافتریا و نێرگەلەخانەكان و هۆلەكانی بلیارد و شوینی یاریكردنی منداڵان(هۆلەداخراوەكان و كراوەكان).

حەوتەم: بازاڕ و چاخانەو چێشتخانەو لەفەفرۆش و شیرینیخانەو شوێنكاری ساردەمەنییەكان لەكاتژمێر 10ی شەوەوە دادەخرین تا 6ی بەیانی وەلەكاتی كاركردنیشدا پێویستە كورسی و مێز بەكارنە‌هێنن بەڵكو تەنها دەبێت بەسەفەری كاربكەن.

هەشتەم: جەخت دەكەینەوە لە رێگریكردن لە هەر بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوماڵان و نێو باخ و گەرەكەكاندا داواكارین لەبەر سەلامەتی خۆتان و خانەوادەكانتان پابەندبن پێیەوە چونكە مەترسی ڤایرۆسەكە بڵاوەو نابێت زەمینە سازی زیاتر بۆ بڵاوكردنەوەی بكریت.

نۆیەم: عیادە پزیشكییەكان و نۆرینگەكان و دەرمانخانەكانی لاكۆڵان و سەرتاشخانە و سەنتەرەكانی جوانكاری و ئارایشتگاكان ڕیوشوێنی توندی خۆپارێزی جێبەجێبكەن، بە پێچەوانە و سزادەدرین و دادەخرێن.
دەیەم: مینی پاس و تاكسی و هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوەی نێوخۆی ریكارەكانی خۆپاریزی جێبەجێبكەن بەپێچەوانەوە ئۆتۆمبیلەكانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت.

یانزەیەم: لەسەروبەندی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەراندا پێویستە سەرجەم بانكەكانی سنوورەكەمان پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەبیت بۆ جێبەجێكردنی ڕینماییە تەندروستییەكان ڕێگیركردن لە قەرەباڵەغی.

دوانزەیەم: ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان دەسەڵاتی تەواو دەداتە قائیمقامەكان بۆریكخستنەوەی كاروباری هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەڕیگای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەكان بەهاوكاری و هەماهەنگی هێزەئەمنییەكان.




PM:03:53:27/06/2020