بەرخۆریی لەکوردستاندا: لەحانوتی جارانەوە بۆ مۆڵە گەورەکانی ئەمڕۆ

مه‌ریوان وریا قانع

”زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین بەشێکی گەورەی شارەکانی کوردستان گۆڕاون بۆ چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و شوێنی ئیسراحەت و پشوودان و مزگەوت و شوێن و مەزارگەی دینیی. دیمەنەکە بەشێوەیەکە دەکرێت قسە لە گواستنەوە لە ”قۆناغی حانوت"ەوە بۆ قۆناغی ”مۆڵ" و سەردەمی "ئیسراحەتخانە"ی مۆدێرن بکەین. بەشێکی بەرچاوی ئەو شوێنانەی کە دروستبوون تەنھا شوێنی نانخواردن نین، بەڵکو شوێنی کۆبوونەوە و یەکدیبینن و قسەکردن و پشوودانیشن، شوێنی خۆنمایشکردن و شوێنی کاتبەسەربردن و دانیشتنن، ھەندێکیان شوێنی گوێگرتنن لە مۆسیقا و گوێگرتنن لەیەکتری. ھاوکات ھەندێک لەو شوێنانە مانای کۆمەڵایەتیی تایبەتیان وەرگرتوە، ھەندێکیان، بۆنموونە، بوونەتە شوێنی کۆبوونەوەی گەنجان، ھەندێکیان شوێنی کۆبوونەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان، ھەندێکی تریاشیان شوێنی کۆبوونەوەی ئافرەتان و خێزان. ئەمە جگە لە دروستبوونی چەندان ”شوێنی تایبەت" کە ڕاستەوخۆ پابەستن بە توانای مادیی و پێگە و شوێنی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی ئەوانەوە کە سەردانیاندەکەن. کردنەوەی ژمارەیەکی زۆری مزگەوت و سەردانی ئەو مزگەوتانە لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاوی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمەوە، سەر بەھەمان میکانیزمی بەرخۆرییە، بەڵام لێرەدا لەباتی ئەوەی ”شتومەکی مادیی" بەرخۆربکرێت، دین وەک ”شتومەکەێکی ڕەمزیی" و وەک ”ئامازێکی مەعنەویی" بەرخۆردەکرێت. بەکورتی ئەم فەزا تازەیەی بەرخۆریی لە کوردستاندا لەگەڵخۆیدا سیستمێکی ڕەمزیی تازەی ھێناوە کە تیایدا ھێماکردن بۆ شوێن و جێی کۆمەڵایەتیی و زەوق و پیشە و حەز و خواست و ”ئوسلوبی ژیان"ی ئەوانەی سەردانیاندەکەن، مەسەلەیەکی سەرەکییە. واتە ئەم شوێنانە ھێما بوون و دروستبوونی شوناسی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تازەی ئەو کەسانە و ھەندێکجار شوناسی سیاسیی تایبەتیش، دەکەن. ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە، بە کردەی سەردان و نانخواردن و دانیشتن لەو شوێنانەدا، کۆمەڵێک مانای کۆمەڵایەتیی نوێی بەخشیوە کە لە فەزای ”حانوتئاسا"ی بەرخۆریی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا و نەوەدا بوونی نەبووە. بوون بەبەشێک لەم فەزا نوێیەی بەرخۆریی و بەشداریکردن تیایدا، یەکێکە لە چالاکیی و ھەوڵدانە سەرەکییەکانی زیاد لە ھێز و گروپ و تاکەکەسێکی ئەو کۆمەڵگایە. ئاشکرایە ئەوەی لۆژیکی ئەو شوێنە تازانە ئاراستەدەکات لۆژیکێکی بازرگانییە و لەسەر بەدەستھێنانی قازانج، زۆرجاریش قازانجی گەورە و خێرا، کاردەکات، بەڵام ھاوکات لەو شوێنانەدا فەزایەک دروستبووە تیایدا ئینسان دەتوانێت تا سنوورێکی دیاریکراودا تاکبوونی خۆی بژی، لەناو حەز و ئارەزووەکانیدا نیشتەجێبێت، مانایەکی تایبەت بە تاکەکەسبوونی خۆی بدات. بە کورتی سەردانی ئەم جۆرە شوێنانە و چوونە ژوورەوە بۆ ناو فەزا تایبەتەکەیان زۆرجار تەنھا لەبەر خودی خواردن و خواردنەوەکەوە نین، واتە لە مەسەلەی سەردانەکادا خودی خواردن و خواردنەوەکە خۆیان ئەو گرنگییەیان نییە، یان گرنگییەکی پلە دوویان ھەیە، ئەوەی گرنگە ئەزموون و خیبرەی لەوێبوونەکەیە، ئەزموونی بوون بە بەشێکە لەو فەزا تازەیەی دروستبووە، بەشدرابوونە لەو فەزایەدا کە پێشتر نەبووە، فەزایەک گەرچی لۆژیکێکی بازرگانیی بەرتەسک دروست و ئارستەیدەکات، بەڵام ھاوکات فەزایەکی ئەلتەرناتیڤ و جیاوازە لە فەزای تەقلیدیی ماڵ و گەڕەک و شەقام و چاخانە و مزگەوت وحانوت و یانەکانی جاران."
بڕگەیەک لە کتێبی ”لە چ ئێستایەکدا دەژین؟". ئەم کتێبەی من لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ نووسراوە و ساڵی ٢٠١٢ بڵاوبۆتەوە.

01/04/2016



وتارەکانی تری نوسەر