لۆژیکی ملشکاندن و زەلیلکردن

مه‌ریوان وریا قانع
باوەڕناکەم لە مێژووی ئێمەدا سەردەمێک بوونی ھەبووبێت بەڕادەی ئەمڕۆ لێوان لێو لە پیلانی ژێربەژێر و تەماحی وێرانکەرانە و ئامادەگیی گەورە بۆ پاشکۆبوونی سیاسیی. ھەمیشە ڕووبەرێکی تایبەت، با بچووکیش بووبێت، بۆ شەرمکردنی سیاسیی ھەبووە، بەڵام لە ھەرێمەکەی ئەمڕۆکەی ئێمەدا ھیچ کردەیەکی سیاسیی و ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان ھێزەکاندا نەماوەتەوە، کە ژێرخانە مادیی و ئەخلاقییەکەی کۆمەڵێک پیلان و ڕێکەوتنی نھێنیی نەبێت بە مەبەستی ملشکاندنی یەکتر و پاراستنی دەسەڵات و تەماحە زۆرەکانی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی تایبەت و بە ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی چەند کەسێکی کەمی ناو پارتە سیاسییەکان. ئەوەی بە شێوەیەکی ترسناک مردوە شەرمکردنی سیاسییە، لەناو ھەموو نوخبەی حوکمڕانی کوردستاندا یەک سیاسیی نادۆزینەوە یەک دڵۆپ شەرمکردنی سیاسیی تێدامابێت. 
باسەیری ئەم وێنەیە بکەین: شەڕی موسڵ و بەشداری ناسیاسییانە و بێپلانی کورد تیایدا، پەلاماری داعش بۆ سەر کەرکوک لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، ئامادەگیی تورکیا لە دوو پارچەی کوردستاندا و سڵ نەکردنەوە لە باسکردنی تەماحەکانی بە ئاشکرا، سەردانە بەردەوام و لەپڕەکانی قاسمی سلێمانی بۆ سلێمانی و ناوچەکانی تر، چوونی سەرکردە و بنکردەکانی کورد بۆ بەغدا و قسەکردن لەگەڵ عەبادیدا، تێکەڵکردنی درۆی ریفراندۆم و درۆی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بە شەرمنەکردن لە باسکردنی تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگە و خوێنی سەربازە عێراقییەکان بەیەکتری، فرۆشتنی نەوت و غاز بە نھێنی و بە ئاشکرا و بازرگانیکردن لەگەڵ شەیتانیشدا، بە خودی داعش خۆیەوە، بەگەڕخستنی ئیمپراتۆریەتێک لە میدیاییە زەبەلاحی حیزبیی و شەخسیی بە مەبستی مێشکشۆرینەوەی بەردەوام. ھەموو ئەمانە نەمانی شەرمی سیاسیی و لۆژیکی پیلانی ژێربەژێر و تێکەڵبوون بە شەڕی لەبریی ھێزە ئیقلیمەیەکان و ملشکاندنی یەکتری و زەلیلکردنی تەواوی کۆمەڵگای ئێمە ئاراستەیان دەکات. شتێک بەناوی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و ئەخلاقییەوە بوونی نییە کە بکرێت بە خۆمان و بە دونیای دەرەوەمانی نیشانبدات کە ئێمە شتێکین زیاتر لە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە و خێڵی دز و ناپاکی دابڕاو لە سادەترین فۆرمی عەقڵانیەتی سیاسیی. لەم دیمەنە قێزەونەدا ئەم کۆمەڵگایە بە ڕادەیەکی ترسناک تەنھا و بێپەنا و بێئاراستە کەوتوە. سیاسییەکانی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستاش لە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتدان، بچووکیی و گرگنی خۆیان تێکەڵ بە تەماحی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان کردوە، باکیشیان بەوە نییە، نەک تەنھا ژیانی ئەمڕۆکەی ملیۆنان مرۆڤی دانیشتوی کورستان بێنرخ بکەن، بەڵکو ژیانی چەندان نەوەی تریش وێرانبکەن کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئەوەی ئێمە دەیبینین بەتاڵکردنەوەیەکی سیستماتیکی و ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئێمەیە لەھەر ئومێد و ئیرادە و ئەخلاقیاتێک بخوازێت لەدەرەوەی لۆژیکی پیلان و ملشکاندن و زەلیلکردندا ئامادەبێت.


27/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر