نازانم ئێمە فەرمانبەری خوداین، یا حکومەتی هەرێم؟!

پەروا عەلی
پاڕانەوە بۆ موچە چ کارەساتێکە لەم هەرێمەی ئێمە ، سەرۆکی حکومەت و یاوەرەکانی مامۆستایانی ئاینی کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی دوعایان بۆ بکەن بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، بەڵکو خودا لەم قەیران و زوڵمەتەی ئێستا ڕزگارمان بکات، ئاخۆ ئەمە بڕوا بوونیان بێت بە قەدەری خودا و زەفەر پێبردنی شەیتان کەوا بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتبێت؟ یا مایە پوچی حکومەت و حیزبە گەندەڵەکانمانە؟ 

ئەوەی چەندین ساڵە لە خێر و بێری وڵات و قوتی خەڵکی دەشاردرێتەوە، بێ گوێدانە چارەنوس و ئایندەی هاوڵاتیان، ئەوە ئێوەن کە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پێشبڕکێتان بووە بۆ چونیەتی زۆرترین بە تاڵانبردنی سامانی ئەم هەرێمە. دەیان کۆمپانیای حیزبیتان لە سێبەر و لە ڕوناکیدا دامەزراند کە قازانجەکەی تەنیا بۆ بنەماڵەکانتان بوو، نەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە. ئەوە قەڵەو کردنی ئەندامان و لایەنگرانتان بوو لە ڕێگەی حیزبەوە کە مانگانە هەردوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکی ٣٥ ملیۆن دۆلارتان بۆ تەرخان کردبوو، ئەوە ئێوە بوون دەیان و سەدان و هەزاران کەسی بندیوارتان دەوڵەمەند کرد و موچەی خانەنشینیتان بۆ بڕنیەوە، ئەوە ئێوە بوون سەدان ڕاوێژکارتان بۆ وەزارەتەکان و پەرلەمان دانا بوو کە زۆربەیان خۆیان پێویستیان بە ڕاوێژکار هەبوو بۆ ڕاییکردنی کارە ئاساییەکانی خۆیان نەک ئەو ئەرکە گرنگەی دەبوو جێبەجێیان بکردایە، ئەوە ئەرکی ئەوان بوو چەندین توێژینەوە بکەن و پلانی کورت خایەن و درێژخایەن بۆ هەرسێکتەرێک لە هەرێم دابنێن.

شکستی ئێوەیە هەرێم کەوتۆتە ئەم دۆخەوە، شکستی بێ پلانی ونابەرپرسیارێتی ئێوەی سیاسەتمەدار و دەوڵەت مەدار بەرامبەر خەڵک و خوێنی شەهیدان.

 باروخۆخی هەرێم لە ئێستادا ٢٢ ملیار قەرزارە، ئەوە داهاتی نەوت و چۆنیەتی فرۆشتنی بە عەقدی پەنجا ساڵ، بە بۆری و تانکەر بە قاچاخ و بە ئاشکرا، وێرانەیەکە مەگەر هەر لەم هەرێمە وێرانکراوەیا ببینرێت. لە ئێستادا نزیکی شەش هەزار پرۆژە وەستاوە، هەموو بانکەکان زیاد لە ساڵێکە بەتاڵن، موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران نەدراوە.

نەبوونی هیچ کاڵا و هیچ کەرەسەیەکی کشتوکاڵی و بازرگانی خۆماڵی، هەمووی لە تورکیا و ئێرانەوە  دێن و بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن کە هیچ بەدواداچونێک بۆ نرخەکان و کوالیتی کۆنترۆڵیان بۆ ناکرێ، ئەمە راگەیاندنی ئابوری ئازادتان بوو  کە جگە لەبازاڕێکی مافیاوی هیچی تر نەبوو.

هەرچەندە داهاتی هەرێم مانگانە زیاد لە یەک ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلارە ، تەنها داهاتی ساڵانەی تەنکەرەکانی نەوت کەهەناردەی ئێران دەکرێن لە سنوری سلێمانی ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار وسەد ملیۆن دۆلارە ، داهاتی خاڵە سنوریەکان کە هیچ کاتێ شەفاف نەبووە و وەک برا بەشکراون، جگە لە باج کە داهاتەکەی دیار نیە، کەس نازانێ چەندە.

ئەوە خودانیە غەزەبی لێگرتبن، ئەوە ئێوەن فرمێسکی تیمساحی ئەرێژن بۆ گوزەرانی خەڵک و ئەگەڕێن بەدوای چڵە پوشێکدا کە دەمێکە غەرق بووە.

گەر ئەتانەوێت چارەسەری قەیران بکەن، پێویستە ملیۆنەها دۆلاری بانکەکانی دەرەوە و ژێرزەمینەکان بهێننەوە، کۆمپانیاکانی حیزب بوەستێنن بۆسودی حیزبی و داهاتەکانی ڕادەستی دەستە ئەمینەکان بکەن، مەسروفاتی لق و ناوچەو مەڵبەند و کۆمیتەکانتان کەم بکەنەوە ، کەناڵە میدیاییەکانتان سنوردار بکەن کە ملیۆنەها دۆلاری بۆ تەرخان کراوە تا بە شان و باهوی گەندەڵییەکانتانا هەڵبدەن. پێویستە چاکسازی ڕێشەیی لە دۆسێی نەوت و باج و خاڵە سنوریەکاندا بکەن. پێویستە  پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینێت و چاودێری دارایی ودەستەی نەزاهە بەهێزتر بکرێت. 

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە متمانەی خەڵک بەدەست بهێننەوە، ئەوکاتەی متمانەتان هەبوو خەڵکیش ئەتوانێ باوەڕ بە بەڵێنەکانتان بکات و بەرگەی قۆناغە سەختەکانیش بگرێت.

دیارە حکومەت ناتوانێ و نایەوێت ئەمانە بکات، بۆیە پێویستە هەموان سەرە بگرین بۆ لای شێخ ومشایەخ (لەگەڵ ڕێزم ) و قاوەگرەوەکان تا دوعا بکەین بۆ بەختی ڕەشمان.

 بەڕاست ئەوەی ئێوە دەیکەن یا ئەبا میحجەل گەڕانەوە نیە بۆ زەمانی ئەوس و خەزرەج؟
















02/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر