لەم دۆخەدا هاوڵاتیەک دەتوانێ هەرێم کاول کات!

پەروا عەلی

 لەم سەردەمی بڵاوبوبەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا، کەسێک لە ڕووی تەندروستی و ئابوریەوە دەتوانێ  وڵاتەکەی کاول کات.

 

  دوای ئەوەی لە رۆژی ١٤ ی ئازار ڕاگەیەندرا مامۆستایەکی ئاینی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە،  بەڵام خێزان و زۆرێک لە هاوڕێ و هاوەڵانی مزگەوت وخەڵکی گەڕەک ڕەتیانکردەوە کە توشی ئەو نەخۆشییە بوبێت، وەک ئەوەی ئەم نەخۆشیە یا  ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەفرەتێک بێ و شەیتان بیکات لە ئیمانداران و موسوڵمانان، (لەکاتێکدا دو ڕۆژ پێش کۆچی مامۆستا ئاینیەکە، لیژنەی فەتوای هەرێم رایگەیاند هەرکەس بە کۆرۆنا بمرێت شەهیدە..)  دواتر دەرکەوت کە ئەم مامۆستایە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستداو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێم و بەغدا وە پشتراستکرایەوە.

 
ئەوەی لەم بابەتەدا گرنگ و هەستیارە ئەوەیە کە رادەی هۆشیاری زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایە لە نزمترین و هەژارترین ئاستدایە، ئایا ئەگەر کۆچکردو مامۆستایەکی ئاینی نەبوایە و فەرمانبەرێک یا کاسبکارێ بوایە، پەرچەکرداری خێزان و هاوڕێیانی بەهەمان شێوە ئەبوو؟ یان بڕوابون بەوەی کە مامۆستای ئاینی و باوەڕدارانی پلە یەک ناکرێت بەر ئەم نەفرەتی کۆرۆنایە بکەون؟

 
گەر لەڕوی داراییەوە وە سەیری ئەم بابەتە بکەین، دەبینین کە تێچوی پشکنینی زیاتر لە ٦٠٠  شەش سەد کەس  لە ئەندامانی خێزان وگەرەک و هاوڕێیانی مامۆستا، زیاد لە  ٢٠٠٠٠٠ دوسەد هەزار دۆلار بوە. بۆ هەر پشکنینێک  کە بە "تکت" دەنێردرێت بۆ سەنتەری هەرێمایەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میسر، بڕێکی زۆر تێچونەکەیەتی، هەر تکتێک لەسەر حکومەتی هەرێم ٣٣٠ سێسەد و سی دۆلار دەکەوێت، کە دەدرێت بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی.

 
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارە (١٩) ی ١٥ ی ئازاری ٢٠٢٠، ژمارەی هاوڵاتیان کە لە کەڕەنتینەکان بوون (٣٩٨٨) هاوڵاتین و پشکنینیان بۆ کراوە تێچونەکەی ( ٣٣٠* ٣٩٨٨ = ١٣١٦٠٤٠ ) دۆلارە. ئەمەش برە پارەیەکی ئێجگار زۆرە کەوتۆتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.

 
ئەمە بەرپرسیارێتی هەموو هاوڵاتیانە  نەک تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ هەموو تێبینیەکانمان لەسەر ئەدای حکومەت، بۆیە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان و کەرەنتینە بۆ خزمەتی خۆمانە، رەنگە ترس وخەمساردی لە گرنگی کەرەنتینە تەنها لای کەسانی سادە نەبێت، چونکە ژمارەیەک لە بەرپرسان کە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە ناچنە کەرەنتینە و پابەند نابن.( تۆبڵێی ئەمانیش لەو نەفرەتە بترسن؟ یان پۆستەکانی هەرێم گەورەترن لە وەزیری رۆشنبیری فەرەنسا و سەرۆکی بەرازیل و هاوسەری سەرەک وەزیرانی کەنەدا؟؟؟).

 
ئاخۆ ئێمەی خەڵکی ئەم هەرێمە لەبەر نەبونی متمانە بە حکومەت وکارو خزمەتگوزاریەکانی بۆ هاوڵاتیان، وای کردوە کە لەهەستیارترین پرسیشدا بەقسەی نەکرێت ؟ ئاشکرایە حکومەت لەکاتی ئەم کارەساتە نەخوازراوەدا بەرپرسیارێتیەکی گەورەی لەسەرشانە وهاوکاری پێویستە، هەڵبەت پشتبەستن بە وەزارەتی تەندروستی ناوەند و خەمخۆران و خێرخوازانی ناوخۆ، جگە لە ڕۆڵی گەورەی پزیشک وکارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ. 

 
ئەگەر هاوڵاتیان هاوکار و پشتیوان نەبن لە خۆکەرەنتینکردن وڕێگری بڵاوبونەوەی ژمارەیەکی زیاتری نەخۆشییەکە، خۆمان دەبینە کاولکەری هەرێم،  بەدڵنیایی ئەو تیمە ماندونەناسەی تەندروستیش توانایان نابێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ژمارە زۆرە و شکست دەهێنن، لە ڕووی ئابوریشەوە قەیرانی دارایی قووڵتر دەکاتەوە و هەرێم بەرەو ئیفلاس بوون دەبات، ئەوکاتە هیچ مانایەک بۆ ئەم هەوڵانەی ئێستا نامێنێت.



17/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر