سەركەوتنی مەزنی كۆبانێ،

فریاد هیرانی


سەركەوتنی مەزنی كۆبانێ، 
پێویستە بۆ مێژوو شوێنەواری جێگیر بكرێت
بەڕێزان / هاوسەرۆكانی كانتۆنی كۆبانێ و وەزیرە پەیوەندیدارە بەڕێزەكان
شەڕ و بەرخۆدانی یەك مانگەی كۆبانێ و ئازایەتی و نەبەردی و خۆڕاگری كچ و كوڕە چاونەترسەكانی یەپەگە و یەپەژە، هەموو جیهانی هەژاند و سەرەنجی ناوەندە گەورەكانی دەوڵەتانی دونیای بۆ خۆی راكێشا، وای كرد كە سەرۆكێكی گەورەی وەكو (سەرۆك فەڕەنسوا ئۆلاند)ی دۆستی كورد و مرۆڤایەتی نازناوی (سیمبولی بەرخۆدان) بە باڵای كۆبانێ ببەخشێ، ئەم نەبەردی و قارەمانیەتیە سەری هەموو تاكێكی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و جیهان بەرزكردەوە. بەشداری كاریگەری ژنی كورد لەم ماوە درێژەی خۆڕاگریدا، نە هەر ژنانی كورد ، بەڵكو هەموو ژنی دونیای بەئاگا هێنایەوە و كتێب و ئایدیۆلۆژیە پوچ و ژەنگاویەكانی دژ بە ژنی خستە تورەگەی زبڵدان و بۆ خاوەنەكانی رەوانەكردەوە.. ئەم داستانە مێژووییە هەر تەنیا شانازییەك نیە بۆ نەتەوە و وڵاتەكەمان ، بەڵكو داستانێكە سەرجەم مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات و هەموو چەوساوەیەك و بەشخوراوێك لە هەر سوچێكی جیهان بێت بە هی خۆی دەزانێت.. ئەم سەركێشییە شۆڕشگێرییە درێژەخایەنەتان هەموو داگیركەرانی كوردستان و سوپا و ئەرتەشەكانیانی تووشی  شۆك و شەرمەزاری كردووە و جارێكی تر جورئەتی ئەوەیان پێ نەماوە و بۆشیان ناچێتەسەر بەسەرخۆیاندا دابەش و پەرت و بڵاومان بكەن و هەژموونی داگیركەرانەیان درێژە پێ بدەن، بۆیە پێشنیارێك دەخەمە بەردەم بەڕێزتان كە لە كاتی پاك كردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شاردا ، چەند شوێنێكی كاریگەر و وێران بووی پاشماوەی بەرخۆدانەكە وەك خۆی بهێڵنەوە و بە تانك و دەبابە و تۆپ و چەكە تێكشكاوەكانی دوژمن بۆ ئەوەی ببێتە شوێنەواری شانازی بۆ كوردستان و نەوەكانی داهاتوو، بە دڵنیاییەوە هەموو تاكێكی كورد و هەموو ئازادیخوازێكی جیهان لە ئایندەدا بە تامەزرۆوە سەردانی ئەم شوێنەوارانە دەكات... هەر بژین بۆ كورد و كوردستان
فریاد هیرانی
نوسەر و رۆژنامەنووس
ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK
باشووری كوردستان_ هەولێر

16/10/2014



وتارەکانی تری نوسەر