له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لێكترازان و جۆرێك په‌رش و بڵاوی له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ناكۆكی و لێكترازان و په‌رش و بڵاوییه‌كه له‌سه‌ر پۆست و پله‌و پایه‌یه، نه‌ك له‌سه‌ر به‌رنامه و ئه‌جێندای حكومه‌تی داهاتو، نه‌ك له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی حكومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێم، به دڵنیایی ئه‌مه‌ش جێی داخه!
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێ بیخه‌مه‌ڕو به مسۆگه‌ری هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن به دڵیان نابێت و له‌وانه‌یه زۆرینه‌ش پێیان باش بێت، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی به‌لامه‌وه گرنگه ناوه‌ڕۆكی حكومه‌ته‌كه و به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه چیه‌و چۆنه، ئه‌وه‌نده به‌لامه‌وه گرنگ نییه كێ چ پۆستێك وه‌رده‌گرێت یان لایه‌نه‌كان هه‌ر یه‌كه‌ی چه‌ند كورسی وه‌زاره‌تیان به‌رده‌كه‌وێت.. به كورتی وه‌ك به‌رچاوڕونییه‌ك و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كوردستانی بۆ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه ده‌خه‌مه‌ڕو:
1. له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌كراوه و راپرسی له‌سه‌ر نه‌كراوه جارێ دیار نیه ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی هه‌رێم سه‌رۆكایه‌تیه یان په‌رله‌مانیه یان هه‌ر جۆرێكی تره، دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا دامه‌زراوه‌یه‌كی زیاده‌یه تا ئه‌وكاته‌ی ده‌ستور په‌سه‌ند ده‌كرێت و له راپرسییه‌كی گشتیدا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، چونكه به‌م شێوه‌یه‌ی كه ئێستا باس ده‌كرێت جۆرێك له ئیشكالیه‌ت له ناو ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت، بۆ نمونه له سیسته‌می په‌رله‌مانی په‌رله‌مان كه‌سێك راده‌سپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان، به‌ڵام له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیشه (هه‌ر ته‌شریفاتی نیه وه‌ك سیسته‌می به‌غدا) هه‌ر خۆشی كابینه‌ی حكومه‌ت دروست ده‌كات و پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان دیاری ده‌كات، كه‌واته ده‌بێت یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن هه‌بێ ئه‌ویش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یه‌تی (وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێداوه مه‌به‌ست هیچ لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌ك نیه ئه‌وه یاساناسه‌كان باشتر ده‌زانن كه ده‌بێت یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن هه‌بێت كه به‌رپرسیار ده‌بێ له جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چن) ئه‌وه‌ی لێره ده‌یخه‌مه‌ڕو ته‌نیا بۆچون و پێشنیاره. بۆیه سه‌ره‌تا ده‌بێت په‌رله‌مان كۆببێته‌وه و ده‌نگ بداته كه‌سێك و رایبسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، وه‌ك بڵاویش بوەته‌وه سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت هی پارتی دیموكراتی كوردستانه و كاندیدی پارتیش (مه‌سرور بارزانی)یه، ئینجا سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێراو بكه‌وێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان و براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ پێكهێنان و ده‌ستنیشانكردنی پۆسته وه‌زاریه‌كان.
2. مه‌به‌ست له حكومه‌تی كوردستانی ئه‌وه‌یه كه حكومه‌ته‌كه حكومه‌تێكی كوردی نه‌بێت و كوردستانی بێت، هه‌مو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان له خۆبگرێت به ئیراده‌ی خۆیان به‌شداربن مادام خۆیان به خاوه‌نی وڵاتێك ده‌زانن كه كوردستانه پێویسته به‌شداری ئه‌كتیڤانه‌شیان هه‌بێت له حكومه‌ته كوردستانیه‌كه، بۆیه سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو پێویسته به ده‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیه‌كان هه‌مو پێكهاته‌كان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شداری پێ بكات كه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كانیانن نه‌ك هه‌ر ته‌نیا حیزبه‌كانیان له ناو پێكهاته‌كان مه‌رج نیه هه‌ر پاڵێوراوی حیزبه سیاسیه‌كان بن ده‌كرێت كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و به‌ده‌ر له حیزبه‌كان بپاڵێورێن و پۆستیان پێ بدرێت.
3. هه‌ر سه‌باره‌ت بە حكومه‌تی كوردستانی پێویسته ئه‌و شار‌و شارۆچكه و ناوچانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاته‌كانی هه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو لامه‌ركه‌زیان هه‌بێت.
4. نه‌وت و داهاته‌كان، كه كۆڵه‌گه‌ی حكومه‌ت و سه‌رچاوه‌ی ژیان و بژێوی خه‌ڵكه پێویسته له حكومه‌تی داهاتو ئه‌م دۆسیه‌یه له ژوری تاریك ده‌ربهێنرێت و به‌رچاوڕونی بدرێته هه‌مو خه‌ڵك و موچه و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵك بدرێته‌وه و جارێكی‌تر (به یاسا نه‌بێت) ده‌ست بۆ موچه‌ی خه‌ڵك نه‌بردرێت!
5. هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم، كه به‌رگری له هه‌رێم و ئاسایشی هه‌رێم ده‌كه‌ن پێویسته به دامه‌زراوه‌یی و پیشه‌یی بكرێن و چاكسازی له پۆست و به‌رپرسیارییتیه‌كان و پله‌و پایه هه‌ستیاره‌كاندا بكرێت، رموزه حیزبیه‌كان به رێزه‌وه خانه‌نشین بكرێن و كه‌سانی پسپۆر و پیشه‌یی له نه‌وه‌ی نوێ شوێنیان پڕبكه‌نه‌وه.
6. سه‌روه‌ری هه‌رێم، ئه‌ركی حكومه‌ته له هه‌ر وڵاتێك كه سه‌روه‌ری خاكی نیشتیمان له هه‌مو جۆره ده‌ستوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی بپارێزێت، بۆیه حكومه‌تی داهاتو به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی پێویسته سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی هه‌رێم بپارێزێت به یاسا و ده‌ستوریش سه‌روه‌ری هه‌رێم به‌شێكه له‌سه‌روه‌ری خاكی عێراق.
7. ناوچه دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێم، كه شازده ساڵه ئه‌گه‌ر چی ماده‌ی ده‌ستوری و یاسایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا بۆ ده‌ركراوه، به‌ڵام به كرده‌وه جێبه‌جێ نه‌كراوه، پێویسته حكومه‌تی داهاتو (به‌ده‌ر له ململانێ حیزبیه‌كان و ناكۆكییه حیزبیه‌كان كه له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه هه‌یه ) وه‌ك حكومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان هه‌م گرنگی و خزمه‌تگوزاری زیاتر به‌م ناوچانه بدا هه‌م له روی یاسایی هه‌مو توانای خۆی بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بدات.
8. گه‌نده‌ڵی و قۆرغكاری، كه قێزه‌ونترین دیارده‌بوه بۆته مایه‌ی ناشیرینبونی حوكمڕانی هه‌رێم ، پێویسته حكومه‌تی داهاتو به كرده‌وه رێوشوێنی هه‌مه‌جۆر بگرێته به‌ر بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه و (دادگای تایبه‌تی خاوه‌ن بڕیار و به ده‌سه‌ڵاتی) بۆ دابمه‌زرێت.
ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ر یه‌كه‌ی ورده‌كاری زۆر هه‌ڵده‌گرێت وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی گشتی یان هێڵه گشتیه‌كانی به‌رنامه و كاری حكومه‌تێكی كوردستانی له داهاتودا، له هه‌مو وڵاتانیش حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار یان ئه‌و حیزبه‌ی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه له پێكهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تدا مه‌رج نیه زۆربه‌ی پۆست و ئه‌ركه‌كان ببه‌خشێته ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی خۆی یان كه‌سانی حیزبی تر، حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌رۆكایه‌تی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه ده‌كات نه‌ك حیزب بێنێته ناو حكومه‌ت. هیوادارم ئه‌م وتاره وه‌ك چۆن نوسراوه واش بخوێنرێته‌وه و هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی تری بۆ نه‌كرێت و له‌گه‌ڵ ململانێی حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان تێكه‌ڵ نه‌كرێت، كه به داخه‌وه ململانێی ئه‌وان بۆ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت نیه، به‌ڵكو بۆ پۆست و پایه‌یه!