هێواش هێواش هۆکاری کێشەکانی ئاو و کارەبا و بەنزین و قاچاخچێتی دوگ و ماددەی هۆشبەر و تەنانەت نەدانەوەی موچە پاشەکەوتەکانیش ، دەکەوێتە ملی کچە مۆدێلەکان .
بەکارهێنانی ژن بۆ جاسوسی و لە خشتەبردنی نەیاران ،بابەتێکی لە مێژینەیە و زۆر دەزگای ئیستخباراتی دەستیان بۆ بردوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە تیشک لەسەر گەندەڵی و شکستی سی ساڵی حکومڕانی کورد لاببرێ و کۆی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە بە کچە مۆدێلەکاندا هەڵواسرێ.
لەکۆمەڵگەی دروست و لەسایەی سەروەربونی یاسادا نە کچە مۆدێل و نە غەیری ئەوان لە ماوەی چەند مانگێکدا نابنە خاوەنی ماڵ و سەیارە و کاری گران بەها.
ئەم قسەیە چەند بۆ کچە مۆدێلەکان ڕاستە ئەوەندەش بۆ بەرپرس و مناڵەکانیان ڕاستە، جیاوازی نێوان کچێکی مۆدێل و مناڵێکی بەرپرس کە هەردوکیان بێ ماندو بون دەبنە خاوەنی کۆشک و تەلار و ئارایشتگا و ڕێستوران و بانزینخانە تەنیا شێوازی پەیداکردنی سەروەتەکانیانە ئەگەر نا هەردوکیان لەهەمان سەرچاوەی گەندەڵی و نەعەدالەتیەوە بونەتە خاوەنی .
دورکەوتنەوە لە کرۆکی کێشەکان و هۆکار و پاڵنەری پشت دروستکردنی کچە مۆدێلەکان و ڕاوەستان لەسەر خودی ئەو کچانە وەک تاکە سەرچاوەی کێشەکان ، ئەسڵی کێشەکانمان قوڵتر ئەکاتەوە و لەبری تەماشاکردنی وێنە گەورەکە چاومان دەچێتە سەر خاڵێکی بچوک.