ئایا گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵات؟

رابون مەعروف



ئەمڕۆژانە، سەبارەت بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتی سیاسی، هەمیشە سێ چەمك تێکەڵ دەکرێت؛ دەسەڵات و حکومەت و کابینە!

کابینە (مجلس الوزراء Cabinet)؛ ئەو پێکهاتەیەیە کە لە وەزیرەکان پێکدێت، واتە ئەنجومەنی وەزیران.

حکومەت (حکومة Government)؛ لە کابینە فراوانترە و ئامرازی هەڵسوڕاندن و جێبەجێکردنی سیاسەت و یاسا و بڕیارەکانی دەوڵەتە.

دەسەڵات (سلطة Authority)؛ هەمو ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە وڵاتدا دەگرێتەوە، وەك؛ حکومەتە لۆکاڵیەکان (پارێزگار و قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیە) پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیە جۆراوجۆرە لۆکاڵیەکان.

لە هەرێمی کوردستان دەسەسەڵاتێکی یەکگرتومان نیە کە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی و سیاسەتێکی باڵای یەکگرتوی نیشتیمانی حوکمڕانی بکات. لە راستیدا پارتی بە تەنها دەسەڵاتداری هەولێر و دهۆکە (زۆنی زەرد) و هەروەها یەکێتی بە تەنها دەسەڵاتداری سلێمانی و گەرمیانە (زۆنی سەوز). سروشتی حوکمڕانی لە هەردو زۆنی زەرد و سەوز رەنگدانەوەی بەرژەوەندی حیزبیە نەك نیشتیمان و نەتەوە وەك یەکەیەکی یەکگرتوی باڵاتر لە ناوچە و حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکان.

جگە لە یەکێتی و پارتی کە هەرهەمو ناوەندەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەرێتیان لە هەردو زۆنی زەرد و سەوز داگیر کردوە، هیچ هێزێکیتر بەشداری ناوەندەکانی دەسەڵات نین لەو دو زۆنە سەپاوەدا.

حکومەت (دەزگا و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران) وەك بەرئەنجامی هاوسەنگی دوای جەنگی ناوخۆ و سیاسەتی بەڕێوەبردن لە هەرێم، زۆرینەی پارتیە و کەمایەتیەکیش یەکێتی. هێزەکانیتر بەتەواوی لەو دەزگایەی جێبەجێکردن پەراوێز خراون.

کەواتە ئێستا ئەگەر بە جدی قسە بکەین، گۆڕان نە لە دەسەڵات بەشدارە و نە لە حکومەت!

تاکە دەزگایەكی جێبەجێکردن کە گۆڕان تێیدا بەشدارە کابینەیە، واتە ئەنجومەنی وەزیران، کە تەنها چوار وەزیر نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن.

ئێستا کە ئەوە نەخشەی دەسەڵاتی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان، ئایا رەوایە بوترێت؛ گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵات؟


18/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر