وەزیرەكان لەخەمی كێدان؟

سیروان رەشید
ماوەی شەش مانگ زیاترە حكومەت بەڵێن لەدوای بەڵێن دەدا، كە دەستكاری سیستمی زاڵمانەی موچەدەكات، بەڵام وا مانگی (3)ش رۆژەكانی بەرەو تەواوبون دەرواو، هیچ ئاسۆ و ئومێدێك بۆ دەستكاری سیستمی موچە لە ئارادانیە.
 ئەمە لەكاتێكدایە كەبەر مەبنای ئەم خاڵانە دەبوایە زۆر زووتر دەستكاری سیستمی مووچە بكرایە:
یەك: نرخی نەوت ئێستا دووهێندەیە بەبەراورد بە رۆژی 3/2/2016 كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری سیستمی كەمكردنەوەو پاشەكەوتی مووچەی تێدا درا.
دوو:  حكومەت هەندێك گۆرانكاری لەرووی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی باج و رسومات و بارگرانی زیاتر بۆسەر خەڵك ئەنجامداوەو داهاتی زۆر زیادی كردووە كە بەپێی زانیاری سەرچاوە باوەرپێكراوەكان داهاتی وەزارەتەكانی؛ شارەوانی، ناوخۆ، گواستنەوە. كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە، لەسەردا پەنجا زیادیكردووە.
سێ‌: كەمبوونەوەی 90%ی خەرجی شەڕی داعش بەهۆی نەمانی شەرەوە لە سەرسنورەكانی هەرێم.
كە ئەم سێ‌ خاڵە كاریگەری بەرچاوی لەسەر داهات و باری دارایی هەرێمی كوردستان هەبووەو دەبوایە حكومەت گۆڕانكاریی لە سیستمی موچەدا بكردایە.
وەزیرە بەرێزەكانی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ، كە ژمارەیان 14 وەزیرە لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستەكانتان لە ئاستی پێویستدا نیە، كە ئێستا لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی و سیاسیدان، لە ئاست خراپی گوزەرانی فەرمانبەرو مامۆستایان.
لێرەدا روبەرو بە وەزیرە بەرێزەكان دەڵێین؛ وا خەریكە ماوەی قانونیتان لە تەواو‌ بون نزیك ئەبێتەوەو، تەنها هەشت مانگتان ماوە، كاتی ئەوە هاتوە چەند پرسیارێكتان روبەرو بكەینەوە؛
ئێوەی بەرێز هەڵوێستان هەروا بەلاوازی دەمێنێتەوە؟
ئێوەی بەرێز بۆ یەكجاریش بایكۆتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانتان نەكردووە، ئایا لەبەر ئەم مەسەلە گرنگە بەنیازنین، ئەمجارە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵوێستێكی توند وەربگرن، لە كاتێكدا زۆرینەی ناو ئەنجومەن پێك دێنن؟
ئێوەی بەرێز هەڵوێستی شەخسیتان زۆر كاریگەرترە لەنوسینی دێڕێك لەبەیاننامەیەكی حیزبەكانتان كە داوادەكات "پێداچونەوە بەپاشەكەوتی موچەدابكرێ‌"، بۆچی رۆژێك لە رۆژان پێتان دانەگرت لەسەر ئەو لێشاوە دزیەی لەداهاتی نەوت و بەردەوامی سزادانی موچە خۆران، هەرەشەی دەستلەكاركێشانەوە بنوێنن؟
ئێوە؛ ئەی وەزیرە بەرێزەكانی كابینەی هەشتی هەرێمی كوردستان، لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی مێژوی دان، ئایا؛ لە خەمی میللەت و جەماوەری حیزبەكانتاندا یان لەخەمی خۆتان؟


07/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر