هەنگاوێکی باش بەڵام دوای چی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

دواجار ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی خۆسەری رۆژئاوا بڕیاری ئاشتەوایی لەگەڵ هێزەکانی بەرەی ئەنەکەسە دا، بەڵام وەک عەرەب دەڵێن: دوای خراب بوونی بەسڕا، ئەم هەنگاوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا ئەگەرچی درەنگ وەختە و دوای ماڵوێرانییەکی زۆری خەڵکی رۆژئاوایە، بەڵام ئەگەر تەکتیک نەبێت و راستگۆبن لەگەڵ بڕیارەکانیان، ئەوە هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست کە ئومێد دەخوازین سەربکێشێ بۆ راستکردنەوەی کۆی بڕیارو سیاسەتەکانیان، چونکە ئەوان سیاسەتێکی دووژمنکارانەیان لەگەڵ هەرچی هێزو لایەنی سیاسیی کوردیە لە رۆژئاوا پەیڕەوکردووە.

 

لەگەڵ لایەن و پێکهاتە غەیرە کوردیەکانیش سیاسەتێکی نەرم و نیانیان پەیڕەو کردووە، تەنانەت ناوی هێزە سەربازیەکەشیان هیچ پاشگرێکی کوردی پێوەنییە، بۆ رەچاوکردنی هەستی نەتەوەکانی ترئەم کارەیان باشبوو، بەڵام لەگەڵ ناوخۆی کوردی هیچ هێزێکی سیاسی قبوڵ ناکەن، ئەگەر هاتباو لە سەرەتا پابەندی رێکەوتنەکانی هەولێرو دهۆک بونایە و سیاسەتی فرەییان پەیڕەوکردایە دروشم و ئاماژەکانی پەکەکەیان بەکار نەهێنابا و پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژیان وەک هێزی کوردستانی وەرگرتبایە، لەو باوەڕەدابووم ئەم هێرشەی تورکیاش بەو شێوەیە نەدەبوو، چونکە تورکیا رێگەنادەت لە سەر سنورەکانی خۆی پەکەکە حوکمڕانی بکات.

 

ئەگەر هێزی رای گشتی جیهانیش نەبوایە نە ئەمریکاو نە هیچ وڵاتێکی تر لەسەر رۆژئاوا وەدەنگ نەدەهاتن، پەکەکە پێویستە ئەو راستیە بزانێ کە گۆڕەپانی خەباتی ئەوان تەنها باکورە بەدروستکردنی حزبی پاشکۆی خۆیان لە پارچەکانی تری کوردستان هیچ سوودێکی بۆگەلی کوردستان نییە.

 

جگەلە ئاڵۆزترکردنی کێشەی کورد نەبێ لەو پارچانە، سەرەڕای ئەمەش زەمانی تاک حزبی نەماوە لە هیچ کونجێکی ئەو دنیایەدا نابینی کۆمەڵگەیەک لەسەر یەک حزب کۆک بن، مەگەر بە دیکتاتۆری نەبێ ئەگەر ئەمە بۆسەردەمێکیش راست بووبێ بەڵام بۆ ئەمڕۆ ئەستەمە ئەم فۆڕمە قبوڵکراو بێ، هەروەها تاک ئایدۆلۆژی و تاک حزبی و تاک رەوی بە ئەزموون لە هەموو جیهان شکستی هێناوەوتازە هیچ کومەڵگەیەک ناگەڕێتەوە سەری، فرەیی کە خاسیەتێکی سەرەکی دیموکراتییە، هاوكات ناسنامەی ئەمڕۆی هەموو کۆمەڵگەیەکە، بەهۆی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیەکان و هۆیەکانی پەیوەندی کردن و بە جیهانیبوون.

 

ئەمڕۆ سەردەمیێکی جیاوەزە ئامانجی مرۆڤیش بۆتە رەفاهیەت، چیتر لەوە دەرچووە مڕۆڤ تەنها بەشوناس بژیت، شۆناس ئەگەر لەگەڵ خۆیشدا ماف بۆ مرۆڤ نەهێنێ دوای چەند ساڵێک بۆ ئەوانەی ئاستی وشیاریشیان نزمە وزەمەنێک خەباتیان بۆ کردووە دەبئتە شتێکی هیچ، وەک چۆن ئەمڕۆ لە باشووری عیراق خەڵکەکەی چیتر شوناسی مەزەبگەرای شیعە ناکەنە پێوەری ژیان و ئێستا داوای ماف دەکەن، شوناس گرنگە، بەڵام ماف لە شوناس گرنگترە بۆ مرۆڤ، جیا لەمەش بە درێژای مێژوو هیچ هێزێکی ئایدۆلۆژی جا هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت نەیتوانیوە لانی کەمی ماف و ئازادی بۆ خەڵک دابین بکات.

 

هەرەسهێنانی بلۆکی  کۆمۆنیستی جیهانی بەهۆی پیلانی سەرمایەداریەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی نەبوونی ماف و ئازادیەوە بوو، دیموکراتی بۆتە دوافۆڕمی ژیانی مرۆڤایەتی، جگەلەم سیستەمەش هیچ هێزێک و ئایدۆلۆژیایەک نەیتوانیووە کۆمەڵگە ئاسوودەبکات. ئەو جولانەوەی ئەمڕۆ جیهانی عەرەبی گرتۆتەوە ساڵانێکی زۆربوو دەسەڵاتدارنیان وەهمی ئایدۆلۆژیای عروبەو لەناوبردنی ئیسرائیلیان دەرخوارد دەدان، لەکۆتایدا بویان دەرکەوت جگەلە وەهم و چەواشەکردن نەبێ شتێکی تر نییە، بۆیە چیتر پێویست ناکات کورد چل ساڵی ترچاوەڕێ بێ تا بۆی دەرکەوێ کە هێزی ئایدۆلۆژی نەک هیچ مافێکی بۆ دابین ناکات، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی شکستێکی گەورەی شوناسەکەشی، ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە لەگەڵ کومەڵگەی کوردی دەیکات، دروست ئەوەیە کە ئەو هێزە ئایدۆلۆژییە شکستخواردووانەی ناو مێژووی کۆن و نوێ لەگەڵ کومەڵگاکانیان کردوویانە.


19/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر