دوای دوو رۆژ لە تەقینەوەکەی بەیروت ماکڕۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی لبنان و شوێنی تەقینەوەو گەڕەکە بەرکەوتووەکانی کرد . پێش سەرۆکی وڵات میشێل عۆن شوێنەکەی بەسەر کردەوە و لەگەڵ خەڵک قسەی دەکرد .
تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممە بۆ وڵاتێکی وەک لبنان کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە ، چونکە ئەم وڵاتە ئابوریەکەی داڕماوە و دووچاری هەڵاوسانێکی مەزنی دراوی بۆتەوە ، بەجۆرێک نان پەیداکردن بۆتە کێشەیەکی مەزن بۆ بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییەکانی ، ئەوەی وای کردووە خەڵکەکەی بەرگەی ئەم قەیرانە مەزنە بگرن ، هەبوونی شانزە ملیۆن لبنانییە لە دەرەوەی وڵات کە هاوکاری بۆچوار ملیۆن کەس لە ناو وڵات دەنێرن ئەم هۆکارە وای کردووە بتوانن بمێننەوە .
لبنان وڵاتێکی گرنگە بە هۆی شوێنی جیۆسیاسیەکەیەوە هەروەها وڵاتێکی فڕانکۆفۆنییە ، بۆیە فەڕەنسا بە ئەرکی خۆی دەزانێ هاوکاری بکات ، بەڵام ئەوەی ئەم وڵاتەی وێران کردووە گەندەڵیی و ململانێی سیاسی و مەزەبی و ئاینییە ، بەتایبەتی گەندەڵییەکەی بە جۆرێکە ئەمە چل ساڵە حکومەت ناتوانێ لە هەشت تا دە سعات زیاتر کارەبا بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بکات، جگەلەوەی هەر ناوچەیەک بەدەست حیزبێک و کەسێکی دەست رۆیشتووە و حکومەت ناتوانێ رووبەڕوویان ببێتەوە.
بوودجەی سوپا هەمووی بۆ مووچەی سەربازەکانە سیستەمی بەرگریان بێ بوودجەیە ، هەڵبژاردن دەکەن و کەمتر لە رێژەی سەدا بیست بەشداری دەکەن و هەر ئەو حزب و تائیفانە دەسەڵات وەردەگرنەوە ، بەتایبەتی حیزب وڵلا خاوەن میلیشیا و دەسەڵاتی کردەنییە و هەر خۆی بڕیاری شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل دەدات و هەرخۆشی ئاگربڕ رادەگەیێنێ ، شوێنە گرنگەکانی وەک فڕۆکەخانە و بەندەرو دەروازە سنووریەکان بەدەست خۆیەتی ، وڵاتێکی ئەوەندە گەندەڵە بۆتە شوێنی مامەڵەی نایاسایی و سپی کردنەوەی پارە ، خۆی وڵاتە ، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و خرابی ئیدارەکەی خاوەن سەروەریەکی لاوازە و سەردەمێک سوریا داگیری کردبوو ئێستاش رۆژانە لەلایەن ئیسڕائیلەوە سەروەریەکەی پێشێل دەکرێ ، بەکورتی وڵاتێکی خاوەن سەروەری نییە ، هەربۆیەش ئەمە پانزە ساڵە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر رەفیق حەریری دەکات ، بۆ ئەم تەقینەوەیەش هەر پەنا دەبەنە بەر لایەنی نێودەوڵەتی خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن .