كورد دانوستان نازانێت

ئاسۆ عەبدولەتیف
ئەوەی حیزبی كوردی ئەیكات بەناوی مفاوەزات و دانوستانەوە تێكەڵەیەكە لە سەردانی حیزبی و موجامەلەی شەخسی و دەستكەوتی ئایدۆلۆژی،
دانوستانێك حیزب بیكات دەستكەوتی كاتی دەبەخشێت و بەرهەمەكەی ئەوە بوو كە بینیمان "شەڕی داعش و بەرهەمهێنانی فیگۆری مالیكی و موچەبڕین و شكستهێنانی مادە دەستوریەكان و شكستی ئینتیمای نەتەوەیی و ژێرپێخستنی شكۆی نیشتیمان"
دانوستان بەمانا حیزبیەكەی ئیدی كۆتایی هاتوەو گرنگە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەو بازنە حیزبیە تێپەرێنێت بەرەو بازنەی دانوستانی نیشتیمانی و چیتر دانوستان وەك كولتورێكی نیشتیمانی سەیر بكات نەك كولتورێكی حیزبی، پێویستە حیزب بەدەست نیشتیمانەوە بێت نەك نیشتیمان بەدەست حیزبەوە.
دانوستانی نیشتیمانی ئەگەر دەستكەوتی ستراتیجی و فراوانیشی لێ بەرهەم نەیەت بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارێتی و باجەكەی كەمترە، هاونیشتیمانی كوردی ئامادە نیە باجی هەڵەی ستراتیجی دانوستانگەرە حیزبی و پیاوە سیاسیە بەساڵاچوەكان بدات كە چەندین ساڵە بەناوی نەتەوەو نیشتیمانەوە خۆیان قەڵەو ئەكەن لەسەر مێزی دانوستانەكان و هەڵە دوای هەڵە ریزی ئەكەن بۆمان.
 دانوستان ئەگەر ئاسۆ بەرینەكانی نەتەوەو دیدگاكانی سەربەخۆیی تێدا گەشە نەكات دانوستان نیە، تا ئێستا كورد لەسەر پایە حیزبی و ئایدۆلۆژیەكان دانوستان دەكات، دانوستان بە عەقڵیەتی بەدەستهێنانی دەستكەوت بۆ حیزب نەك بۆ نەتەوە، واتە قەڵەوكردنی حیزب لەسەر حسابی لاوازكردنی نەتەوە، كەنارخستنی شعوری نەتەوەیی لەبەرانبەر سەرپێخستنی شعوری حیزبی، هێشتا دەسەڵاتی كوردی باوەری بەو پرەنسیپە كلاسیكیە هەیە كە كارەكتەرە حیزبیەكان بهێنێتە پێشەوەو پۆستیان بۆ دەستەبەر بكات بۆ قایمكردنی قەڵاكانی حیزب نەك بنیادنانی نەتەوە، ئاخر بەم بیماریە گەورەیەوە چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی كوردی دروست بكرێت و داوای زامنكردنی ماف و ئازادی بكرێت؟
 بەم پێودانگە تەسكەوە كورد لە ئێستای حكومەتی راگوزەری "مالیكی- عەبادی"دا نە دانوستان دەباتەوە نە دەتوانێت رەنگرێژی سیاسەتێكی نەتەوەیی بكات بۆ ئایندە، لە ئێستادا دانوستانەكان زۆرن و كوردیش هیچ تیمێكی نیە لەدەرەوەی حیزب كە بتوانێت دانوستانەكان بەرێتەوە و گفتوگۆیان لەسەر بكات، بەتایبەتی بۆ حكومەتی ئایندەی عێراق و ناوچە رزگاركراوەكان و پرسی بودجەو نەوت و چەندینی دیكە، مایەی نیگەرانیەكی قوڵە لە دەساڵی رابردودا كورد هیچ دانوستانێكی نەبردۆتەوەو بگرە هەندێ پرسی هەستیاری دەستوریشی دۆراندوە، دانوستانمان  لەگەڵ سەدام دۆراند، لەگەڵ جەعفەری دۆراند، لەسەر مێزی مالیكیش شكستی خوارد، ئایا لەسەر مێزەكەی عەبادی دەیبەینەوە؟ یان ئەیكەینەوە بە منجە منج و موماتەڵەو كوتلەبازی حیزبی، بەو ئاماژەیەی كە یارمەتی چەكەكانی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە هێشتا لە كۆگاكانی واشنتۆنەوە بە تونێلی بەغدادەوە تێپەڕدەبێت بۆ هەولێر، وا هەست ناكرێت كورد ئەمجارەش خۆی دانوستان بكات بەڵكو دانوستانی بۆ دەكرێت ئەمەش خراپترین جۆری دانوستانە،
 ئایا كاتی ئەوە نیە دانوستانەكان بەرینەوە و ئەوەندە سازشی حیزبیان لەسەر نەكەین و ئەوەی لە رابردودا بردومانەتەوە لەسەر مێزی مەستی دانوستانەكان نەیدۆرێنین، سەیرەكەش لەوەدایە هەنگاوێكی پۆزەتیڤ نرا بۆ دروستكردنی "ئەنجومەنێكی باڵا بۆ دانوستان" لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پەرلەمانتارانی كورد لە رۆژی 6/8/2012 لە پەرلەمانی كوردستان لەسەری رێك كەوتن، بەڵام  پاش دوو ساڵ بەداخەوە نەتوانراوە ئەو ئەنجومەنە بكرێت بە پرۆژە یاسایەكی بنچینەیی بۆ دانوستان و بەدواداچوونی پرسە سیاسیەكانی گەلی كورد لە بەغداد و لەو كاتەوە تا ئێستا كاری لەسەر نەكراوە، كە ئەوكات تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراو وەستێنرا، كە نەزانرا بۆچی وەستێنراو راگیرا، كێ رایگرت، بۆ ئەنجامی نەبوو، بۆچی خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەكرا؟ لەكاتێكدا دەزانن ئەو ئەنجومەنە ئەگەر پێك بهێنرێت دەتوانێت زۆر بریاری ساغ و تەندروست بدات لە بەرژەوەندی گەلی كوردو ئەوكات كەسیش رەخنەو گلەیی لە پارتەكان ناكات كە ئایندەی ئەم میللەتەیان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بردوەو نازانن لە بەغداد سیاسەت بكەن.


02/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر