ئەرێ‌ یەكێتی و گۆڕان بۆ وادەكەن ؟

نەوزادی موهەندیس
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا كارێكی زۆر نائاساییە،لەوەی كە ناتوانن بەربەست و سەهۆڵبەندانی نێوانیان بتوێننەوە و لەیەكدی نزیك ببنەوە و دواتریش كۆببنەوە و هەموو ڕاز و نیاز و گلەیەكانی خۆیان لەیەكتری بكەن و پەیوەندیەكانیان ئاسایی بكەنەوە.ئاخر ناكرێت و كارێكی لۆژیكیش نیە كە دووهێزی گەورە و خاوەن جەماوەر و نفوز و پێگەی سیاسی و لەناوچە و جوغزی جوگرافیایەكی دیاریكراودا پێكەوە كارنەكەن و لەیەكتر نزیك نەبن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەنێوانیاندا نەبێت و نەتوانن پێكەوە كاربكەن و نەخشەڕێگا بۆچارەسەری كۆی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی خۆیان و كوردستان و تەنانەت عێراقیش پێشكەش نەكەن.یەكێتی و گۆڕان زۆرجاران دەوترێت هەردووكیان دوو لقی سەرەكی درەختی هێزێكی ڕەسەنی كوردایەتین و هەردووك پێكەوە دەتوانن شانبدەنە بەر زۆرێك لە كێشە و ململانێكان و هەردووكیش پێكەوە دەتوانن گەلێك كار و پڕۆژەی گەورەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئەمنیش پێشكەش بكەن لانی كەم بۆ ئەم ناوچەیەی پێی دەوترێت ناوچەی سەوز،چونكە هەردووكیان خاوەنی مێژوویەكی هاوبەشی 34 ساڵەی خەباتی شاخ و شارن و هەردووك پێكەوە تاڵ و شیرینی زۆریان چەشتوە و هەردووكیان خاوەنی دوو سەركردەی كاریزما و مێژوو كردبوون((مام جەلال و كاك نەوشیروان))و هەردووكیان هەڵگری دروشمەكانی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری وگۆڕانكاری و چاكسازی و مافی چارەنوسی میلەتەكەمانن بە ئێستاشەوە بێت جەماوەرەكەشیان تێكەڵ و نزیكن لەیەكتری و یەكێتی و گۆڕان وەك گیانێكن لە دووجەستەدا.
بەداخیشەوە لەبەرامبەریشدا هەردووكیشیان پێكەوە خاوەنی هەندێك سروشتی ناڕێك و ناتەندروستی حیزبایەتین كە هۆكاری سەرەكین بۆ لاوازبونیان و خاوبونەوە و  كەمبونەوەی هێز و جەماوەر و توانایان بۆ یەكتر قبوڵكردن و ڕووبەڕووبونەوەی هێزە بەرامبەرەكانیان و هێواش هێواش بەرەو قەتیس و بچوكبونەوەی بەردەوام هەنگاودەنێن بەشێوەیەك لەهێزێكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ناوچەییەوە بۆ ئەوەی ببنە هێزێكی لۆكاڵی ناوچەیەكی بچوك و دیاریكراو.ئەوانیش بوونی ململانێیەكی ناڕەوای ناوخۆیی لەناو خودی هەریەكەیاندا و باڵباڵێنی ناڕەوا و بیروڕای دوور لەیەكتر و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی لایەك و گروپێك بەسەر ئەویتریاندا و دووركەوتنەوەیان لە دروشمەكانی دیموكراسی و ئازادی و ڕێزگرتن لە پڕەنسیپە حیزبیەكان و دووركەوتنەوە لە حیزبێكی یەك و یەكگرتووی خاوەن ناوەندێتی بڕیار و دیموكراسیەتێكی مەركەزی وەك ڕچەیەكی خەبات و كاركردنی حیزبیانە ونەبەستنی كۆنگرە و هەندێك جاریش پەنا بردنە بەر هۆكار و میكانیزمی دوور لەهەموو گیانێكی برایانە و شۆڕشگێڕانە  كە هەموو ئەم سیفات و هەڵسوكەوت و بیركردنەوانە وەكو میراتێكی مەترسیدار لەیەكێتیەوە گوازراونەتەوە بۆ ناو سەركردایەتی و ئۆرگان و جەماوەرەكەی گۆڕانیش كە لەبنچینەدا هەموانیان هەر لە كانیاوەكەی یەكێتیەوە ئاویان خواردۆتەوە و بۆیەش بەردەوامی هەیە.
بەداخەوە هەر ئەم ململانێ‌ ناڕەواییانە لەژێر پەردەی بونی دیموكراسیەت و ئازادیەكان و فرەیی بیروبۆچوون و هەمەڕەنگی و هەمە دەنگی جیاواز بونەتە هۆكاری لێكهەڵوەشان و جیابونەوە بەردەوامەكان لەناو ڕیزەكانی یەكێتی و لە ئێستاشدا لەناو ڕیزەكانی گۆڕانیشدا سەریانهەڵداوە،زۆربەشیان پاڵنەر و هۆكارەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵپەكردنی وەرگرتنی دەسەڵات و پلە و پۆستی حیزبی و حكومی نەك جیاوازی لە ئایدیاو ڕچە وفكر و ڕێبازی خەبات وكاركردندا.
لەدوای جیابونەوەی گۆڕان لەیەكێتی و هەردوای كەمتر لە 5 ساڵ هەستكرا بەوەی كە پێویستە ئەم دوو هێزە لەیەكتر نزیك ببنەوە دوای پڕۆسەی دوو هەڵبژاردن  لەهەرێمی كوردستان و لە بەغدادیش لەساڵانی 2009 و 2010داو دەركەوت كە هێز و پێزی هەردوولایان دابەشبوون و ناتوانن بارتەقای هێزی نەیارە مێژووییەكەیان ببنەوە نە لەكوردستان و نە لە عێراقیشدا، بۆیە گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە لێكتێگەیشتن و نزیكبونەوە لەنێوانیاندا ڕووبدات . ئەوەبوو لە ساڵی 2012دا ڕێكەوتنامەی دەباشانی /1 و دواتریش دەباشانی/ 2 بە ئامادەبوونی هەردوو ڕەوان شاد(( مام و كاك نەوشیروان)) واژۆكران و دواتریش لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2013 و 2014ی هەرێم و عێراق جارێكی تر و لە ئەنجامی بەدەستهێنانی ئەنجامە مەترسیدارەكانی هەردوولا لەبەرامبەر هێز و سەركردەی تردا  كەوتنەوە خۆ بۆ زیاتر لێكنیزكبونەوە و بەتایبەتیش لەسەر دەمی نەخۆشكەوتنی هەردوو ڕەوانشادەكاندا و ئەوەبوو لە 16/5/2016دا بە ئامادەبوونی هەردوو سكرتێر و ڕێكخەری گشتی یەكێتی و گۆڕان لە دەباشانی شاری سلێمانی ڕێكەوتنی سیاسی واژۆكرا و ئیدی بۆهەموان هەواڵێك و هەنگاوێكی دڵخۆشكەربوو و ئومێدی زۆریشی لەسەر هەڵچنرا.
بەڵام بەداخەوە بۆ جارێكی تریش ئەم ڕێكەوتنە نەبوە فریادڕەس و جێگەی بەناكۆكی و ململانێكانی هەردوولا هەڵنەچنی و نەیتوانی ئاوێك بكاتە سەر ئەو ئاگرەی كەلەناخی هەندێك سەركردە و لایەنگری هەردوولادا دژ بەیەك هەڵایسابوو و هەریەكەشیان لەناو هەردولاوە لەهەوڵی تێكشكاندن و سەرنەخستن و ڕێگری دروستكردن بوون بۆ ڕێكەوتنەكە و لەئەنجامیشدا ئەو دوو هێزە شەڕانی و نەگریسە بە مەرامەكانیان گەیشتن و وتە بەناوبانگەكەی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفایان هێنایە دی كە وتی((عیبرەت لە نوسیەوەدا نیە و عیبرەت لە جێبەجێكردندایە)).هەرواش دەرچوو كە نەهێڵرا جێبەجێ‌ بكرێت،جا ئەو هێز و كەس و لایەن و دەستڕۆیشتوانە كێبوون و كێن لە ئێستاشدا ،ئەوا دەبێت مێژوو ڕووی ڕەشیان هەڵماڵێت چونكە گەلێك دەسكەوتی گەورە و گرنگیان لەدەست كوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی دا.
لەئێستاشدا ماوەی زیاتر لە 10 مانگە یەك كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەنێوانیاندا سازنەكراوە و هیچ هەوڵێكی جدیش نیە بۆ پێكەوە دانیشتن و كاركردن نە بەنهێنی و نە بەئاشكرا،بۆیە بەڕاستی ئەمە كاری كردە نیە و بگرە كارەساتیشە چونكە لەسیاسەتدا هەموو كات بەرژەوەندیەكان پاڵنەر و هۆكاری سەرەكین بۆ دروستكردن و ڕاگرتنی پەیوەندیەكان نەك دوژمنایەتی و دۆستایەتی و سیاسەتیش بە ڕق و كینی كۆن ناكرێت و هیچ بەرهەمێكیشی لێ‌ شین نابێت،بەهەمان شێوە ناكرێت ئەم دۆخە قەتیس و بەستەڵەكبوەی نێوانیان تاسەر درێژە بكێشێت لەكاتێكدا هەردوولایان زۆر پێویستیان بەیەك و بەپێكەوەكاركردن هەیە نەك تەنها لەپێناو بەرژەوەندی حیزبایەتی خۆیاندا بەڵكو لەپێناو ئایندەی هەرێمەكە و میلەتەكەشماندا،لەكاتێكدا كە هەرێم و عێراق و ناوچەكەش لەبەردەم گۆڕانكاری گەورە و كتوپڕدان و دەشێت لەهەر ئان وساتێكدا هەرێم ببێتە گۆڕەپانی ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تیرۆریستەكانیشدا.
بۆیە گەر ئەو پرسیارە بكەین و بڵێین ،ئەرێ‌ ئەو ناكۆكی و خاڵە جیازایانە چین لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا كە ڕێگرن تەنانەت لەبەردەم كۆبونەوەیەكی دووقۆڵیتاندا ؟ ئایا ناكۆكی و خاڵە جیاوازەكانتان لە جیاوازیتان لەگەڵ هێزە نەیارەكەتاندا گەورەترە ؟ئایا لۆژیكە پارتی لەگەڵ هەردولاتاندا كۆببێتەوە بەجیا كەنیەتێكی باشیشی نیە،بەڵام ئێوە لەشارێك و لەناوچەیەك و نزیكترن لەیەكتر كەچی كۆنابنەوە؟ئایا ئەمە كاری سیاسی و حەكیم و خەمۆرانەیە یان كاری ڕق و كین و سەنگەر لەیەكگرتنە؟
بەدڵنیایی دەڵێم هیچكات ململانێ‌ و ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان بەهێندەی جیاوازی و ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و هەردوولاتاندا نیە،لانی كەم خوێن لەنێوان هەردوولاتاندا نەڕژاوە و شەڕی ناوخۆتان هەڵنەیساندوە و موڵك و ماڵی یەكترتان داگیر نەكردوە و سەروەت و سامانی میلەتیشتان لەنێوخۆتاندا دابەش نەكردوە،بۆیە دەكرێت بە گیانێكی دڵسۆز و خەمخۆرانەی زیاترو پەرۆشانە تر لەیەكتر بێنە پێشەوە و هەنگاو بەسەر هەموو ناكۆكی و ململانێكاندا بنێن و لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵبدەنەوە و دەستبدەنە كاری پێكەوەی و ئەوەی هەردوو ڕەوانشادەكان دەستیان پێكرد ئێوە تەواویان بكەن و لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تری ئەم ناوچەیە و تەواوی كوردستاندا دەستبدەنە دەستی یەكتر و هاوكاری و لێكتێگەیشتن دروستبكەن و هەموو كات ڕۆژانی سەختی خەباتی پێكەوەیی شار و شاخ وەبیر یەكتر بهێنەوە و ڕۆژانی ڕەشی شەڕی ناوخۆی نەگریس و قێزەون و دەركردنی وەزیر و ڕێگەگرتن لەسەرۆكی پەڕلەمان و داخستنی دەرگای پەڕلەمان بهێنەوە یادی خۆتان و ئەو ڕاستیەش بزانن كە بەیەكەوە و لەگەڵ یەكتر بەهێز و زیاتر ڕێزلێگیراون نەك وەك ئێستا دوور لەیەك و دڕدۆنگ و ناحەز و دوورە پەرێز بن،چونكە بەردوامبوونی ئەم ناكۆكیانەتان سەردەكێشێت بۆ زیاتر بچوكبونەوە و بێهزیتان لەبەرامبەر هێزە نەیارەكەتاندا.
بۆیە دەكرێت بەزووترین كات یەكەم كۆبونەوەی دوو قۆڵی ئەنجامبدەن و لەسەر یەك نەخشەڕێگاش بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكانی كوردستان و كەركوك و عێراقیش ڕێكبكەون و كاری جدی بكەن بۆ پێكەوەنانی حكومەتی نوێی هەرێم و بەگەرموگوڕی و بەدەسەڵاتیشەوە تیایدا بەشداربن وو ببنە شەریكێكی ڕاستەقینەی خاوەن بڕیار لە پێناو باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكدا و ڕێكەوتنە سیاسیەكەی 16/5/2016ش ببوژێنەوە،كەهەر بەم هەنگاوانە دەتوانن هەردوولاتان ببنەوە جێگە متمانە و ئومێد بۆ دۆست و لایەنگرانتان و بۆ تەواوی جەماوەری میلەتەكەشمان و سەركردە و حیزبە سیاسەكانی تریش چونكە لەئەنجامی بێهێزی هەردوولاتانەوە ئەوانیش بچوك و بچوكتر بونەتەوە و بە گەشانەوە و بەهێزبونەوەی ئێوەش گەشانەوەی هەموان و تەواوی كوردستانیشی لێدەكەوێتەوە.


08/02/2019