چانسی کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا

نەوزادی موهەندیس
وابڕیارە ڕۆژی 1 شەممە ڕێكەوتی 31/3/2019دا هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لەتوركیادا ئەنجام بدرێت. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەمو حیزبە سیاسیەكانی توركیا گرنگە لەبەرئەوەی :
1.یەكەم هەڵبژاردنە لەدوای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی.
2.مەترسیداریشە لەهەمان كاتدا بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،چونكە گەر هەر لایەكیان شكستی گەورە بەدەستبهێنێت لانی كەم بۆ 5 ساڵی ئایندە دووردەكەوێتەوە لە:
دەسكەوتنی میزاینیەی زیاتر بۆ حیزبەكان
دامەزراندن و دۆزینەوزەی هەلی كار بۆ لایەنگرانیان
ڕێكەوتن و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكاندا
جا لەبەر ئەوەی هەر حیزب و سەركردەیەك هەوڵی گەورە دەدات بۆ بردنەوەی زیاترین ژمارەی شارەوانیەكان كە لە 81 پارێزگادا ئەنجام دەدەرێت.
ئەوەتا ئەردۆگان وەك كاری لەپێشینەی هاوپەیمانی((گەل یان كۆمار))ی لەگەڵ حیزبی نەتەوەیی دەوڵەت باخچەلی پێكهێناوە بۆ دەستەبەركردنی بەردنەوەیەكی گەورە و ڕاكێشانی دەنگی نەتەوە پەرستەكان ،هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەڕلەمانی ڕابووردوودا توانیان سەركەوتنی گەورە وەدەستبێنن.چونكە ئەردۆگان باش دەزانێت گەر شكست بێنێت ئەوا ئەو پیاوە بەهێز و بە شكۆیە نامێنێتەوە كە 18 ساڵە خۆی و حیزبەكەی ئاكەپە لەدەسەڵاتدان بەبێ‌ كێبڕكێ‌. زۆر جاران بە پیاوە بەهێز و تاك و تەنهاكەی توركیا و زۆرجاران بە ئەفسانە و وەدیهێنەری خەونەكان و بە گەلێك نازناوی تر ناوی دەبرێت،لەكاتی دۆڕاندن و لەدەستدانی شارەوانیە گرنگەكانی وەكو ئاستانبوڵ كە كێبڕكێیەكی توندی لەسەرە و ئەنقەرە كە وای بۆ دەچن دەیدۆڕێنن و ئەزمیریش كە شارێكی گرنگە. ئەردۆگان و مەترسیەكانی ئەمجارەی بەبێ‌ هۆ نین چونكە:
1.گەشەكردنی ئابوری توركیا لەم چەند ساڵەی ڕابووردوودا پاشەكشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە،كەهۆكاری زۆرن لەوانە تێكچوونی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و دەرودراسێكانیدا،و بەرزبونەوەی باج لەسەر كاڵا توركیەكان و دەستوەردانی لەكاروباری سوریا و عێراق و وڵاتانی تری وەكو قەتەر و سودان و ئیسڕائیل و میسرو و ..هتد. هاوكاری و پشتیوانی تیرۆریستان.سیاسەتی هەڵەی پشتیوانی لە ڕوسیا و ئێران .
2.بەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان كە بۆتە هۆكاری ناچاری سیاسەتی سكهەڵگوشین لەلایەن تەواوی دانیشتوانی توركیاوە بەڕێژەی 25%.
3.دابەزینی نرخی لیرەی توركی بەشێوەیەكی مەترسیدار.
بۆیە ئەردۆگان گەرەكێتی بەهەر نرخێك بێت بردنەوە مسۆگەر بكات لەكاتێكدا لە دوو ڕاپرسی ناوخۆی حیزبەكەی خۆیدا دەریانخستوە كە ڕێژەی دەنگەكانیان دادەبەزێت بۆ 32-35% لەبەرامبەر ڕێژەی 43% لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا.
لەبەرامبەریشدا 3 حیزبی توركی تر هاوپەیمانیەكیان پێكهێناوە لەلایەن ((جەهەپە و سەعادەت و باش)) و دەنگۆی ئەوەش بڵاوبۆتەوە كە بۆ ڕاكێشانی دەنگی كوردەكان 340 كاندیدان بە ناوی پشتیوانانی پەكەكە خستۆتە لیستەكانیانەوە.كێبڕكێكەری سەرەكین لەبەرامبەر هاوپەیمانی گەلی ئاكەپە و نەتەوەییەكاندا.
ئەوەی دەمێنێتەوە حیزبی هەدەپە((گەلانی دیموكراسی)) كوردە، كە پێدەچێت لەژێر فشار و مەترسی گرتن و ڕاوەدوونان و هۆكاری گرتنی سەركردە دیارەكان و لابردنی 94 سەرۆك شارەوانی پێشتر لەكۆی 102 سەرۆك شارەوانی و دانانی قەیوم لەجێگەیاندا و بێبایەخبوونی دەنگەكانی كورد،ژمارەیەكی كەم بەشداربن و بەمەش دەنگەكانی هەدەپە ڕوو لەكزی بكات و پێشبینی دەكرێت ڕێژەی 3ر8% بەدەستبێنێت لەكاتێكدا هاوپەیمانی گەل ڕێژەی 6ر52% و جەهەپە ڕێژەی 5ر26% بێنێت.حیزبی باش 1ر7%.
لەبیرمان نەچێت هەر لەئێستاوە ئەردۆگان بەئاشكرا لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی لابردنی هەر سەرۆك شارەوانیەك دەدات كە نزیك بێت یان پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت كە مەبەستی ((پەكەكە و كوردەكان))ە و دەڵێت تا ئێمە لەدەسەڵاتدا بین ڕێگەنادەین شتێك هەبێت لەسەر خاكی توركیا بەناوی ((كوردستان))ەوە.
جا لەكەشوهەوایەكی ئاوها پڕ مەترسی و هەڕەشەدا دەبێت چانسی كوردان زۆر بێت یان بچوك و كەم بێت؟
ئەوەی ئاشكرایە كوردانی باكور بەداخەوە لەنێوخۆی خۆشیاندا یەك و یەكگرتوو نین و زۆرێك لەكوردان دوای بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی و هۆز و گوند و ناوچەكانی خۆیان كەوتوون و لەزۆرێك لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگەگانیان دەدەنە حیزبەكانی تر و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارەكان و لەئێستاشدا حیزبی ئاكاپەیە ، بەبیانوی ئەوەی كە 18 ساڵە وڵاتێكی گەشەسەندوی ئابوری و ئۆقرەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ وەدیهێناون ،و چیدی هەست و سۆزی نەتەوە بەو تۆخیەی جاران نەماوە لەدوای ئەو هەموو كارەسات و گرتن و ڕاوەدونان و گەمارۆخستنە سەر و داگیركاریانەی توركیا بۆ عفرین و هەرێمی كوردستان و ...هتد. وای دەبینن كە ئەردۆگان و حیزبەكەی دەتوانن خەونی توركیا و لەنێویشیاندا كوردەكان وەدیبهێنن لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشكەوتن و گەشەسەندندا.بۆیە ئەم هەموو هۆكارانە وادەكەن كە كورد ئەو پەرۆشی و ڕێژە گەورەیەی دەنگدان نەبینن و نەنوێنن،كە ئەمەش بەبەرژەوەندی ئاكاپە دەشكێتەوە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت كە هەدەپە نەتوانێت سەركەوتن وەدەستبێنێت لە شارە گەورە كوردیەكان و شار و شارۆچكەكانی تریشدا،بەڵام كێبڕكێیەكی توندیش دەبێت.و 48 كاتژمێری داهاتوو زۆر گرنگ و هەستیار و یەكلاكەرەوە دەبن بۆ كورد و ئەوانی تریش لە توركیا.
جا هەموان چاوەڕوانی ڕۆژی یەك شەمە و 31ی ئازار دەكەین بەو هیوایەی مانگی ئازاری 2019 ئازاری زیاتری كوردان نەدات و خەم و پەژارەی عفرین وهەڵەبجە و كەركوكمان لەبیر بباتەوە.


30/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر