یەکڕیزی و پەند وەرگرتن..

رێباز حەملان
روداوەکانی ئەمرۆی دوز خورماتو و هەفتەی رابردوی پەرلەمانی عێراق زەنگێکی مەترسیدار و ئاگادار کەرەوەیە بۆ دەسەڵاتداران و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم ئەگەر پەندی لێ وەرنەگرن ئەوا کارەساتی نەخوازراوی زیاتر رو لە داهاتوی کوردستان و میللەتەکەمان دەکات، بە داخەوە قیادەی سیاسی هەمیشە رابردووە تاڵەکانیان لەبیر خۆیان بردۆتەوە ئەگینا دەبوە دەرسێکی باش بۆ کار و سیاسەتی داهاتویان
دو ساڵە سەدان شەهیدی قارەمان دراوە بۆ پاراستنی هەرێم و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دژ بە داعش بەڵام ئەوەتا حەشدی شەعبی وەک بۆمبێکی مەترسیدار چەندین جارە لەناو دوز خورماتو دەتەقێتەوە بە رۆحی پاکی ئەو شەهیدە سەربەرزانەی دوز و پێشمەرگە قارەمانەکان.
ئێستا داعش بەردەوام مەترسی گەورەیە بۆ کوردستان و عێراق حشدی شەعبی و قیادەی عێراق ئاوا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن ئاخۆ دوای رزگارکردنی موسڵ و نەمانی داعش ئەبێت چەند مەترسی بۆ کورد پەیدا بکەن، دەبێت لە ئێستاوە پەند لەم ڕوداوانە وەربگیرێت و بارودۆخی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بۆ گەراندنەوەی یاسا و شەرعیەت وه لایەنە سیاسیەکان نێوماڵی کورد رێک بخەنەوە.
بۆچی ئاساییە چەندین جار وەفدی کورد بچێتە بەغداد بۆ چارەسەری کێشە دارایی و سیاسییەکانی کە هیچیشی لێ سەوزنەبو بەڵام ئاسایی نیە لەگەڵ هاوخەبات و هاو زمانی خۆتان نەرمی نەنوێن و دانەنیشن ئەوەی دەرکەوت هیچ لایەنێک لایەنێکی تری پێ ناسرێتەوە وە ئەوەی رونە ئەوەیە دوای هەمو کێشە و ململانێ و شەڕی راگەیاندنەکان و شەڕە تەقەش هەر دەبێت لە کۆتایدا لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، هەرێمی کوردستان ئامانجی گەورەتری هەیە و ئەوەش بە یەک ریزی دێتەدی و یەک ریزیش بە یەکتر قبوڵ کردن وسەروەری یاساو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی دەبێت، کێ دەسەڵاتی زیاتر و کێ پلە و پایەی زیاترە دەبێت ئەو دەست پێشخەر بێت.
ڕێباز حەملان
٢٤/٤/٢٠١٦

24/04/2016



وتارەکانی تری نوسەر