دەستورو رێز لێ نەگرتنی

دیلمان محه‌مه‌د
بێگومان یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکیانەی ھەرێمی کوردستانی لەرووی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتیەوە گەیاندۆتە ئەم دۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەی کە گشتمان پێوەی گیرۆدە بووین,توانای بێ رێزی کردن و ژێرپێنانی دەستوور و یاساکان بووە لەلایەن ھێزگەل و کەسانێکی خاوەن دەسەڵاتەوە,کە رەنگە ھەرخۆیان بەشی زۆری ئەو دەقە نوسراوانەیان دارشتبێت و دەرچواندبێت.
بەشێکی ئەم ھەڵسوکەوتە ناشارستانیەی سیاسیەکانی لەمەر خۆمان پەیوەندی بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی ناشەرعیەوە ھەیە,بەشێکی تریشی پەیوەستە بەدەرخستنی تواناو دەسەڵاتەوە,چونکە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا کاریگەرترین و بەھێزترین ئەو کەسەیە کەلەسەروو یاساو رێساکانەوەیە.
پێدەچێت ئەم دیاردەیە بووبێتە کلتوور یان بوبێتە نەخۆشیەکی ساری,چونکە لە کوردستان لەدامەزراوەی دەوڵەتیدا, لەناو حیزبەکاندا,لە ناو رێکخراو و سەندیکاکاندا ئەم حاڵەتی بێ رێزی کردنە بە دەستوور, بەیاساوبریار,بە پەیرەوی ناوخۆ بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی و باو.
ئەوەی جێی نیگەرانی ھەموومانە لەپاش بەستنی یەکەم گۆنگرەی بزوتنەوەی گۆران ئەم نەخۆشیە کوشندەیە ئێمەشی گرتۆتەوە,بەڵام بەداخەوە ھەموومان بە بیانوی جیاواز بێدەنگەمان لێکرد و چاومان لێپۆشی,بەرپرسیارێتی ئەم چاوپۆشینەش بێگومان لەئەستۆی ھەموومانە بەڵام بەرێژەی جیاواز.
لەرابردوودا رەنگە ھیچ ھەڵسوراوێکی بزوتنەوەکەمان نەمابێت قسە لەسەر ئەم بابەتەبکات و دەسەڵاتی شکستخواردووی ئەم ھەرێمە بداتە بەر رەخنەی توند,ھیچ نەماوە لەپێشێلکاری یاسایی یەکێتی و پارتی کە راگەیاندنەکانی ئێمە پەردەی  لەسەر ھەڵنەدابنەوە,ئاخر پەتای رێزنەگرتن لەدەستورو یاساکان سەرەتا لەحیزبەوە دەست پێدەکات وپاشان دەگوازرێتەوە بۆ کایەکانی دەوڵەت.بۆیە دەبینم  ئێستا کاتی ئەوەیە رووی رەخنەمان وەربگێرینە سەرخۆمان و چیتر بێدەنگ نەبین لەئاست ئەو پێشێلکاری و بێ رێزیەی بەرامبەر (دەستوری ناوخۆیی)پەسەندکراوی یەکەم کۆنگرەی بزوتنەوەکەمان ئەنجام دەدرێت,کاتی ئەوەیە ھەنگاوی کرداری بنێین دۆخی لادانی خۆمان رێک بکەینەوە,کاتی ئەوەیە زیاتر پابەند بین بەو پرەنسیپ و بنەماو بەھایانەی باوەرمان پێی بووەو بانگەشەمان بۆ کردووە.
بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزوتنەوەکەمان دەبوو پەیکەری رێکخراوەیی گۆران سەرلەنوێ دابرێژرێتەوەو رێکبخرێتەوە:
-دەبوو لەپاش کۆنگرە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لەناو جڤاتی نیشتمانیدا بەدەنگدانی نھێنی وراستەوخۆ بۆ ماوەی دووساڵ ھەڵبژێردرایە,بەڵام پرۆسەکە ئەنجام نەدرا..بۆ؟.
-دەبوو ئەندامانی خانەی راپەراندن لەناو جڤاتی نیشتمانیدا بەدەنگدانی نھێنی وراستەوخۆ بۆ ماوەی دووساڵ ھەڵبژێردرێن,بەڵام ئەنجام نەدرا..بۆ؟.
-دەبوو رێکخەری ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆران بەپێی رێوشوێنی دیاریکراو لەدەستوردا ھەڵبژێردرێن,بەڵام پرۆسەی دامەزراندنی رێکخەری ژوورەکان بەدەر لەدەستور بەردەوامە..؟.
-ئەندامێتی لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکەدا,کەبەحساب بەڵاترین ناوەندی بریاری بزوتنەوەکەیە,لە دەستوورەکەدا بەروونی دەستنیشان کراوە, بەپێی دەستورەکە ئەوکەسەی پۆستێکی باڵا یاخود پلەیەکی تایبەت وەردەگرێت لەپەرلەمان وحکومەتدا,مافی ئەوەی نابێت لەئۆرگانەکانی گۆراندا پۆست وپلەی ھەبێت,بەڵام ئەوەی دەیبینین زیاد لە(١٠)کەس بێ ھیچ ناونیشانێک لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانیدا بەشدارن و ھەمووشیان ئەو راستیە دەزانن کەمافیان نیەو بێدەنگن.
-بەرەزامەندی بەرێز رێکخەری گشتی,بەشێوەیەکی کرداری(خانەی راپەراندن) لەھەندێک بەرێز پێکھێنراوە, ئەمە دژی دەستوورە.لەگەڵ رێزیشم بۆ سەرجەمیان,بەڵام ناشەرعین.
-بنەماکانی سزاو پاداشت بەپێی رێوشوێنی دەستووری پیادە ناکرێن,ھەربۆیە سزادانی لاوازەکان خێران,بەھێزەکانیش قوتار دەبن.
-بەدامەزراوەیی کردنی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەو پابەند بوون بە پرەنسیپی کاری دامەزراوەیی لاوازە,چارەسەر نەکردنی بەرەو دیاردەیەکی یەکجار نامۆ بەگۆرانمان دەبات ,ئەویش وەلائی کەسی و کوتلە بازیە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە,رەخنەگرتن و خستنەرووی لادان و پێشێلکاریەکان نیە کەئاماژەم بۆ کردوون,چونکە لەرابردوشدا چ بەشێوەی زارەکی و چ بەشێوەی نوسراو ئەم کارە بێ ئاکام ئەنجامدراوە,بەڵکوگرنگ ئەوەیە ئەو کەس ولایەن و ئۆرگانە تایبەتمەندانە بخرێنە بەر باری بەرپرسیارێتی کە لەتوانایاندایە بارە لێژەکە راست بکەنەوە,ئەوانیش بریتین لە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران,جڤاتی نیشتمانی , جڤاتی گشتی و ژووری یاسا.
دواجار داواکارم لەھەموو ھەڵسوراوانی ھاورێم,گەر بەپەسەندی دەزانن,بائەم بابەتە بەکراوەیی و بەفراوانتر گفتوگۆبکەین,بۆ ئەوەی وەک چاودێرێک ھەمیشە بەدوای بزوتنەوەکەمانەوەبین.



13/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر